کوردستانی

شاره‌وانی سلێمانی: پاره‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ ئاودانی سه‌وزاییه‌كان گه‌یشت

شكۆی كوردستان-

جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەو پارەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دا بۆ ئاودانی سەوازییەکانی شار، هەفتەی رابردوو لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و وتیشی، “تاوەکو ئێستا بە سواڵکردن ئاومان بۆ بەشێک لە سەوزاییەکانی شار دابینکردووە.” 

ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ئاودانی بلواری شەقامی شەست مەتری سلێمانی و شەقامی سەرەكیی سلێمانی – تاسڵوجە هەفتەیەکە تەندەرمان راگەیاندووە و رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو دەست بە ئاودانەكە بكرێت. لە مانگی ئایاری رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی رایگەیاند، پێویستی بە یەك ملیار و 500 ملیۆن دینارە، بۆ ئاودانی سەوزایی و باخچەکان، رۆژانەش لە مانگەكانی تەممووز و ئاب پێویستیان بە چوار ملیۆن لیتر ئاوە.

 لە یەکی حوزەیرانی 2021 ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی چوار ملیار و 527 ملیۆن دینار بۆ بلوار و باخچەكانی سلێمانی دا، بەڵام بە گوتەی جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارەکە داوە. ئاکۆ عەلی رایگەیاند، “بۆ ئەوەی دارەکان وشکنەبن، بۆ دابینکردنی ئاو سواڵمانکردووە و ناچاربووین تەنیا دارەکانیش ئاوبدەین.” 

لەبارەی دابینکردنی ئاو بۆ بلواری شەقامی شەست مەتریی سلێمانی و شەقامی سەرەكیی سلێمانی – تاسڵوجە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە 5ـی ئایار، تاوەکو 5ـی حوزەیران، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانکردوون. ئەوەشی گوت “لە 5ی حوزەیرانیش پارێزگای سلێمانی بڕی 37 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکردین، دواتریش لە 1ـی تەممووز جارێکی دیکە هاوسەرۆکانی یەکێتی نزیکەی 100 ملیۆن دیناری دیکەیان بۆ خەرجکردین و تاوەکو ئێستا بەو پارەیە و بە هاوکاریی کرێکاری شارەوانی کارەکانمان رایی کردوون.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close