کوردستانی

كچه‌ كوردێك به‌ڕه‌یه‌كی ناوه‌زه‌ی چنراو پێشكه‌شی ناسا ده‌كات

شكۆی كوردستان-

بەڕەیەکی ناوازەی کوردەواری لەلایەن کچە کوردێکی وانی باکووری کوردستانەوە وەکو دیاری پێشکێش بە ناسا دەکرێت. دیارییەکە بەبۆنەی یەکەمبوونی وێنەی دەریاچەی وان لەنێو 32 وێنەی جیهاندا، پێشکێشی ناسا دەکرێت. 
مه‌همه‌ت ئه‌مین بیلمه‌ز، پارێزگاری وان رایگەیاند کە ئەوە‌ سوپاسنامه‌یەکە ئاراسته‌ی کەشتیوانی ئاسمانی، کەیت روبینس و به‌رپرسانی ئاژانسی بۆشاییی ئاسمان و فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكا (ناسا) دەکرێت. ئەمەش بەبۆنەی یەکەمبوونی وێنەیەکی دەریاچەی وان کە لەلایەن ئەو کەشتیوانە چرکێنرابوو. له‌و كێبڕكێیه‌دا كه‌ له‌ 13ی نیسان ناسا ئه‌نجامی دا، وێنه‌‌كەی ده‌ریاچه‌ی وان كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن کەیت روبینس ـه‌وه‌ له‌ 12ی ئه‌یلوولی 2016‌ گیراوه‌، توانی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت. ئەو بەڕەیەی بۆ ناسا نەخشێنراوە (کەسنەکەر)ـی پێدەڵێن، له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا ئاماده‌ كراوه‌ و داو و ده‌زووی تایبەتی تێدا بەکارهێندراوە. پارێزگاری وان سوپاسگوزاری خۆی ئاراسته‌ی ناسا و کەیت روبینس كرد كه‌ به‌هۆی ئه‌و كاره‌وه‌ رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ ناساندنی وان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌.

هاوکات تابلۆیەکی رێزلێنان بۆ رۆبینس ئامادەکراوە کە لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە نێردراوە بۆی.  نه‌سیبه‌ ئه‌رتاش ئەو کچە وانییەی‌ به‌ڕه‌كه‌ی چنیوه‌ له‌باره‌ی واتای نه‌خش و نیگاری بەرهەمەکەیەوە‌ نامه‌یه‌كیشی بۆ کەیت روبینس نووسیوه. نەسیبە لەبارەی هونەر و نەخشی سەر بەڕەکە دەڵێت، “به‌ڕه‌ چنین پیشه‌ی خانه‌واده‌كه‌مانه‌ و منیش ماوه‌ی 27 ساڵه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌م و ماوه‌ی 12 ساڵیشه‌ ئه‌م كاره‌ له‌ هۆڵی رستن و چنینی سه‌رۆكایه‌تیی گه‌وره‌ شاره‌وانیی واندا درێژە ده‌ده‌م. له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا ئه‌م به‌ڕه‌یه‌م چنیوه‌.” وێنەکەی دەریاچەی وان لە نێو 32 وێنەی هەڵبژێردراو لەلایەن ناساوە یەکەم بوو. دەریاچەی وان لە قۆناخی کۆتاییدا سەرکەوت بەسەر وێنەی “ئەستێرە جووڵاوەکانی سەر کیشوەری ئەمریکا”.  

 پێشبڕکێکە لەڕێگەی دەنگدانی ئۆنلاینەوە بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ لە دەستپێکردنی، ناسا لە پەیجی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردەوە کە وێنەی دەریاچەی وان بووە یەکەمینی ناسا بۆ ساڵی 2021.  ناسا لە سەردێڕی پێشبڕکێکەدا نووسیبووی، “ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە وێنەی جۆراوجۆر دەگرین و دیمەنی ناوازەی زەوی پێشاندەدەین. بە بۆچوونی ئێوە، کام وێنەی زەوی سەرنجڕاکێشترینە و زۆرترین ماوە لە هزری مرۆڤدا دەمێنێتەوە؟” دوای ئەو ئەنجامە، کەیت رۆبینس لەلایەن پارێزگاری وانەوە داوەتی نانی بەیانیی وان کرا و پشیلەیەکی وانیشی بەدیاری پێدرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیتس سەردانی وانی نەکردووە. لەبەرئەوەی بەپێی رێساکانی ناسا، هیچ یەکێک لە کارمەندانی ئەو دامەزراوە ئەمریکییە ناتوانن دیاری و خەڵاتی تایبەتی قبووڵ بکەن. هەر بۆیە ئەمجارە پارێزگای وان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە خەڵاتەکانی بە ناوی ناسا ناردووە. 

دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە، رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزترین رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا هەیە. 

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close