نێودەوڵەتی

بایدن: به‌ بڕی یه‌ك بلیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا ده‌كه‌ین

شكۆی كوردستان-

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌ بڕی یه‌ك بلیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا ده‌كات و پێشوازیش له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی ئه‌ندامانی ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات بۆئەوەی هاوكاری سه‌ربازی زیاتر شانبه‌شانی ئه‌مریكا پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا بكه‌ن.

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky News، جۆ بایدن له‌ كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناتۆ و كۆمەڵەی وڵاتانی G7 رایگه‌یاندوه‌، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی مانگێگ به‌سه‌ر هێرشه‌كانی روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا، ئیداره‌كه‌ی بڕی یه‌ك بلیۆن دۆلار هاوكاری به‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیا ده‌به‌خشێت.

پاڵپشتیكارێكی به‌رده‌وام و به‌هێزی هێزه‌كانی سوپای ئۆكرانیا و ئۆكرانیه‌كان ده‌بین

وتیشی، “پاڵپشتیكارێكی به‌رده‌وام و به‌هێزی هێزه‌كانی سوپای ئۆكرانیا و ئۆكرانیه‌كان ده‌بین له‌كاتێكدا مانگێك به‌سه‌ر هێرشه‌ بێ پاساوه‌كانی روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا تێده‌په‌ڕێت و هه‌مو ئه‌ندامانی ناتۆش یه‌كده‌نگ له‌سه‌رئه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی و سه‌ربازی زیاتر پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیا بكرێت”.

بڕیارمانداوه‌ وه‌ك ئه‌مریكا بڕی یه‌ك بلیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیا بكه‌ین

ئاكاژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “بڕیارمانداوه‌ وه‌ك ئه‌مریكا بڕی یه‌ك بلیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ هێزه‌كانی ئۆكرانیا بكه‌ین كه‌ دژه‌ تانك، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، سیستمی به‌رگری ئاسمانی و ملیۆنان فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌خۆ ده‌رێت”.

له‌ رۆژانی داهاتوشدا كار له‌سه‌ر ناردنی به‌رگری ئاسمانی پێشكه‌وتو بۆ ئۆكرانیا ده‌كه‌ین

جۆ بایدن رونیشیكرده‌وه‌، “به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌م، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ناتۆ  یاخود له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریكردنی ئۆكرانیا بنرێت، پێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر پێشه‌كه‌شكردنی هاوكاری زیاتر به‌ ئۆكرانیا ده‌كه‌ین و له‌ رۆژانی داهاتوشدا كار له‌سه‌ر ناردنی به‌رگری ئاسمانی پێشكه‌وتو بۆ ئەو وڵاتە ده‌كه‌ین”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close