کوردستانی

گۆڕان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی ده‌دات

شكۆی كوردستان-

ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بزوتنەوەکەی لە هەوڵی ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوراوە زویرەکاندایە، “هەندێکیان قەناعەتیان کردوە، بەڵام هەندێکی تریان قەناعەت ناکەن”، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی نەهاتوە.

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریکا راگەیاندوە، “هەرچەندە بەهۆی کشانەوەی رەوتی سەدرەوە، قسە لەسەر ئەنجامدان یاخود ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن دروستبوە، بەڵام ئێمە ئامادەکاری تەواومان بۆ هەڵبژاردن کردوە، بەڵام پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسیەکانی حزبەکەی وەکو فاڵ گرتنەوە وایە، چونکە لە عێراق و هەرێم گۆڕانکاری دروستبوە، بەڵام گەشبینن هەڵبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت.

هەوڵیانداوە و بەردەوامیش دەبن لەهەوڵەکانیان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوڕاوە زویرەکان

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکراشیکرد، هەوڵیانداوە و بەردەوامیش دەبن لەهەوڵەکانیان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە و هەڵسوڕاوە زویرەکان، دەڵێت، “هەندێکیان قەناعەتیان کردوە، بەڵام هەندێکی تریان قەناعەت ناکەن، ئێمە بەردەوام دەبین لەهەوڵی خۆمان”.

گۆڕانکارییەکان کاریگەریان لەسەر هاوپەیمانێتیەکە نەبوە، چونکە ئێمە لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانێتیمان کردوە و ئەوانیش هەڵوێستی جیاوازیان دەرنەبڕیوە

دەربارەی گۆڕانکاریەکانی نێو یەکێتی و هەبونی کاریگەری لەسەر هاوپەیمانێتی نێوانیان، کە بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکیانهێناوە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت “گۆڕانکارییەکان کاریگەریان لەسەر هاوپەیمانێتیەکە نەبوە، چونکە ئێمە لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانێتیمان کردوە و ئەوانیش هەڵوێستی جیاوازیان دەرنەبڕیوە بەرامبەر هاوپەیمانێتیەکە، ئێمەش بەقەناعەتەوە هاوپەیمانێتیمان کردوە، هەڵبژاردنەکەش بۆ عێراقە، گرنگ ئەوەیە هەر کەس دەچێتە بەغدا، پێداگیری لەسەر مەسەلە نەتەوەییەکان بکات”.

نەمبیستوە لاهور شێخ جەنگی کشابێتەوە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر یەکێتی و خۆیان کردویانەتە سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە

دەربارەی دەنگۆی کشانەوەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتی و گۆڕان، ئەم بەرپرسە باڵایەی گۆڕان دەڵێت “نەمبیستوە لاهور شێخ جەنگی کشابێتەوە، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە سەر یەکێتی و خۆیان کردویانەتە سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە، ڕێککەوتنی ئێمە وابو، سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە بۆ یەکێتی بێت، تا ئێستاش ئاگادارنین، گۆڕیبێتیان”.

سەفین مەلا قەرە دەربارەی ئەوەی ئایا دوای گۆڕانکاریەکانی نێو یەکێتی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی ئەگەر گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات، دەڵێت، “ئەمە دەمێنێتەوە سەر یەکێتی، ئێمە مافمان نیە دەستوەردان لە ئێشی ئەوان بکەین، ئینجا هەرلایەنە و لەنێو هاوپەیمانێتیەکە، ئیش و کار بۆ کادیرەکانی خۆمان دەکەین”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close