نێودەوڵەتی

بایدن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ په‌یامی ئه‌مریكا ده‌داته‌ كازمی

شكۆی كوردستان-

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، چاویان له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه‌ كه‌ له‌ مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچن و له‌پاڵپشتیكردنی عێراقیش به‌رده‌وام ده‌بن. 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ جۆ بایدن له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ مسته‌فا كازمی له‌كۆشكی سپی وتی، “چاومان له‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10) به‌ڕێوه‌بچن، به‌رده‌وامیش به‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كانمان ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ عێراق”.

عێراق به‌نسبه‌تی ئه‌مریكاوه‌ وڵاتێكی گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌

جۆ بایدن باسی له‌وه‌شكرد، عێراق به‌نسبه‌تی ئه‌مریكاوه‌ وڵاتێكی گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، “سه‌ره‌تای كاركردنی منیش له‌گه‌ڵ عێراق بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سینات بوم و دواتریش وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ئێستاش وه‌ك سه‌رۆك”.

په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر قوربانی بنیادنراون

جۆ بایدن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر قوربانی بنیادنراون، بۆیه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌بێت به‌ پاراستن و به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندیانه‌”.

500.000 (پێنجسه‌د هه‌زار) ژه‌می ڤاكسین ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كه‌ین

سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئاشكراشیكرد، “بڕیارمانداوه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتودا 500.000 (پێنجسه‌د هه‌زار) ژه‌می ڤاكسین ره‌وانه‌ی عێراق بكه‌ین”.

جۆ بایدن پشتیوانی وڵاته‌كه‌شی بۆ عێراق له‌ڕوی دیموكراسی و شه‌ڕی تیرۆره‌وه‌ دوپاتكرده‌وه‌ و وتی، “ئێمه‌ پشتیوانی له‌ به‌هێزكردنی دیموكراسی له‌ عێراقدا ده‌كه‌ین، به‌په‌رۆشیشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌ماهه‌نگییه‌كانیشمان له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بێت”.

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هاوبه‌شییه‌كی ستراتیژیمان هەیە، ئێستا من خۆشحاڵم لە ئه‌مریكام بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتوی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردو وڵات

له‌به‌رامبه‌ریشدا، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هاوبه‌شییه‌كی ستراتیژیمان هەیە، ئێستا من خۆشحاڵم لە ئه‌مریكام بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتوی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردو وڵات، كه‌ به‌چ شێوازێك بتوانین باشتریان بكه‌ین”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌مریكا هاوکاری عێراقی کردوە، پێکەوە شەڕمان کردوە، داعشمان تێکشکاندوه‌، دەمەوێت جارێکی دیکە بەناوی گەلی عێراقەوە سوپاسی ئه‌مریكا و گه‌له‌كه‌ی بکەم، بۆ ئەو هەمو قوربانیانەی داویانه‌ له‌پێناو بەدیهینانی عێراقێکی ئازاد و دیموکرات”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close