ڕۆژنامە

شاره‌زایانى سیاسى: بڕیارى کشانەوەى سەدر لە هەڵبژاردندا، مانۆڕێكى سیاسییه‌

ئا/ شكۆى كوردستان

پێشتر چەند جارێک مانۆڕى سیاسى هاوشێوەى ئەنجامداوە، بۆیە لەسەر ئاستى شەقام و لەسەر ئاستى سیاسیش بڕیارەکەى موقتەدا سەدر بۆ بایکۆتکردنى هەڵبژاردن وەک مانۆڕێکى سیاسى و سیناریۆیەک تەماشا دەکرێت کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا لێى پاشگەز ببێتەوە بەتایبەتى دواى پێکانى ئامانجەکانى.
رۆژى پێنج شەممەى رابردوو موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر، بڕیارى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختى عێراقیدا. ئەو هەنگاوە لەسەر ئاستى پارتە سیاسییەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە، بەڵام لەسەر ئاستى جەماوەرى کاریگەری ئەوتۆى دروست نەکرد، لەکاتێکدا پێدەچێت جەماوەرى توڕەى عێراق ئامانجى سەرەکى ئەو مانۆرە سیاسیەى سەدر بێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەى لە هەڵبژاردنى پێشوودا هاوپەیمانى سائیرون براوەى یەکەم بوو، بەڵام لە دواى هەڵبژاردنەوە نەیانتوانى بانگەشە و دروشمەکانیان بکەن بە کردار و دەنگدەرەکانى بێ ئومێد کرد.
عامر فایز، ئەندامى هاوپەیمانى فەتح لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، لەحاڵەتى سوربونى سەدر لەسەر بڕیارى بایکۆتکردنى هەڵبژاردن، چەند سیناریۆیەک ئەگەرى جێبەجێ کردنیان هەیە یەکێک لە سیناریۆکانیش دواخستنى هەڵبژاردنە. سیناریۆى دووەمیش ئەنجامدانى هەڵبژاردنە لە وادەى خۆیدا بەبەشدارى هاوپەیمانى سائیرون بەبێ ئەوەى لەسەر موقتەدا سەدر حساب بکرێن، ئەوەش بە رێککەوتن نێوان هاوپەیمانى سائیرون وموقتەدا سەدر و دانانى میکانیزمى بەشداریکردنیان.
ئەو پەرلەمانتارە بەشێک لەقسەکانى چەند رۆژى رابردووى سەدر وەک بەڵگە بۆ قسەکانى دەهێنیتەوە کە رایگەیاندبوو:”دەستبەردارى هەموو ئەوانە دەبم کە لە حکومەتى ئێستا و داهاتوودا خۆیان لەسەر سەدر ئەژمار دەکەن”.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە ئەوقسەیە بەماناى ئەوە دێت کە سەدر دەروازەیەکى بۆ بەشداریکردنى قەوارە سیاسییەکەى هێشتوەتەوە، بێ ئەوەى لە رووشەکەشدا لەسەر ئەو ئەژمار بکرێن.
ئەوسیناریۆیانەش پێشتر چەند جارێک و لەچەند بۆنەیەکدا لەلایەن موقتەدا سەدرەوە جێبەجێ کراوە، بەتایبەتى لە خولى پێشوى ئەنجومەنى نوێنەراندا، ئەوکاتەى کە رێبەرایەتى خۆپیشاندانەکانى دەکرد و پرۆژەى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى رادەگەیاند، بەرهەمى ئەو هەوڵانەشى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى (12) ئایارى (2018) چنیەوە کاتێک هاوپەیمانى سائیرون بە بەدەستهینانى (52) کورسى توانى ببێتە براوەى یەکەم.
لەگەڵ خستنەرووى ئەو سیناریۆیانەشدا شارەزایانى پرۆسەى سیاسى عێراق بەدوورى نازانن ئەو هەنگاوەى سەدر تەنها مانۆرێکى سیاسى بێت، بۆجوڵاندانى هەست سۆز ولایەنگرانى رەوتى سەدر، چونکە هەستى بەوەکردوە ئاستى جەماوەرى رەوتەکەى بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لە دابەزین کردوە، بەتایبەتى دواى سەرهەڵدانى قەیرانى کارەبا و بەرزبونەوەى نرخى دۆلار و سوتانى نەخۆشخانەکان.
بە وتەى عامرفایز، دواى جوڵاندنى هەست و سۆزى خەڵک، سەدر لە بڕیارەکەى پاشگەز دەبێتەوە و دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە و کارەکان دەچنەوە سەر رێرەوى راستەقینەى خۆیان.
تارق حەرب، پسپۆرى یاسایى عێراقى لەگەڵ ئەوەى جەخت دەکاتەوە کە هەڵبژاردنى پێشوەختى عێراق بەبێ بەشدارى رەوتى سەدر ئەنجام نادرێت، جا لەژێر هەرناوێکدا بێت، باس لەچەند سیناریۆیەکیش دەکات.
لەوباریەوە تارق حەرب دەڵێت، سیناریۆى بەهێز ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنە لەحاڵەتى سوربوونى موقتەدا سەدر لەسەر بایکۆتکردنى پرۆسەکە، سیناریۆى دووەمیش پاشگەزبونەوەیەتى لە بڕیارەکەى لەژێر کاریگەرى سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانى باڵادا، سیناریۆى سێیەمیش بەشداریکردنى هاوپەیمانى سائیرونە وەک قەوارەیەکى سیاسیى سەربەخۆ، پاش رێگەپێدانى لەلایەن سەدرەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هەموو سیناریۆکان ئەگەرى رودانیان هەیە.
بەوتەى تارق حەرب، ئەنجامنەدان یاخود دواخستنى هەڵبژاردن دەبێتە ئەمرى واقیع، ئەگەربێت و هەوڵەکانى پاشگەزکردنەوەى موقتەدا سەر لەو بڕیارەى شکست بهێنێت، یاخود هاوپەیمانى سائیرون وەک قەوارەیەکى سەربەخۆ بەشدارى نەکات، چونکە ناکرێت هەڵبژاردن بەبێ بەشداریکردنى بنکەى جەماوەرى رەوتى سەدر ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەى بوونى رەوتى سەدر لە کێبرکێى هەڵبژاردندا هاوسەنگى بۆ پرۆسەکە دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارى بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەلایەن موقتەدا سەدەرەوە لە کاتێکدایە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستى پێکردوە، بەرێوەچوونیشى کەمتر لەسێ مانگى ماوە، لە رووى یاساییشەوە پاشەکشەکردن لە پرۆسەکە رێگە پێدراونیە، تائێستاش هەردوو ئەگەرى بایکۆتکردن و بەشداریکردن لەبەردەم موقتەدا سەدردا کراوەن، بەڵام بە تێڕوانین لە بڕیار وهەڵوێستەکانى پێشووى، ئەگەر پاشگەز بونەوە و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەهێزترە لە ئەگەرى بایکۆتکردن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close