کوردستانی

رۆژنامه‌نوسێك له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت

شكۆی كوردستان-

به‌بیانی قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌یسی ده‌ستگیركراوانی بادینان و به‌شداریكردن له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه‌ دوای گرتن و بردنی بۆ بنكه‌ی ئاسایشی قڕگه‌ له‌شاری سلێمانی، مامۆستا و رۆژنامه‌نوس ( به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د تۆفیق) هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانیكردن و سزادانی لێده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوس به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د له‌به‌شێك له‌سایت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوه‌وه‌ و شكۆی كوردستانیش په‌یوه‌ندی به‌ ناوبراوه‌وه‌ كرد.

له‌لێدوانێكدا بۆ شكۆی كوردستان، به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د جه‌ختی له‌سه‌ر راستی هه‌واڵه‌كه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ده‌ستگیركردنم به‌بێ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی بوه‌، ئه‌مڕۆ 29/07/2021 له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوم و له‌بنكه‌ی ئاسایشی قڕگه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانم، پێموتراوه‌ كه‌ یه‌ك وشه‌ی تر له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانی بادینان بنوسم، روبه‌ڕوی زیندانیكردن و چاره‌نوسی نادیار ده‌كرێمه‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ كه‌ بۆ كه‌ناڵی ئێن ئارتی، كه‌ی ئێن ئێن، خه‌ندان و له‌چه‌ندین وێستگه‌ی دیكه‌ی رۆژنامه‌وانی كاری كردوه‌ و به‌شداری له‌سه‌رجه‌م چالاكی و خۆپیشاندانه‌كانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كردوه‌، راشیگه‌یاند، چه‌ندین جار به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌م لێكراوه‌، چه‌ندین جار ده‌ستگیركراوم و له‌ئێستادا هه‌ستده‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه‌.

وتیشی، هیچ پێشێلكارییه‌كی یاساییم نه‌كردوه‌، ته‌نها تاوانی من به‌رگریكردن بوه‌ له‌ رۆژنامه‌ نوس و چالاكوانانی بادینان و موچه‌ و مافی یاسایی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران، ته‌نها به‌نوسین ره‌خنه‌ی یاساییم گرتوه‌ و به‌شداری خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌م كردوه‌.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و شڤان حاجی بەڕوشکی لە دادگای تاوانەکانی هەولێر بەڕێوەچو، شایان عەسکەری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە ئامادەی کۆبونەوەکە بوە، رایگەیاندوە، “پێنج شاهێدحاڵەکەی بادینان ئەو ئیفادانانەیان رەتکردەوە کە بەناوی ئەوان خوێنرایەوە”.

شایان عەسکەری لە نوسینێکدا لە بارەی بەڕێوەچونی پڕۆسەی دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و شڤان حاجی بەڕوشکی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دادگا بەڕێوەچو، نوسیویەتی، “دوای وەرگرتنی وتەی شاھێدەکان دواخرا، کە بەڕێزان شێروان شێروانی، شڤان سعید بەڕوشکی، ئەیاز کەرەم، گوھدار زێباری و ھاریوان عیسایان کردبو بە شاھێد لەسەریان، لەگەڵ ھەواڵدەری نھێنی ژمارە 50 کە (کەس نازانێ کێیە ڕەنگە ھەر بونیشی نەبێت)”.

ئەوەشی خستەڕو، نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش داوای کرد کە دادگا واژۆی شێروان شێروانی بنێرێت بۆ بەڵگەی تاوان تا بیسەلمێنن ئەوە واژۆی ئەوە یا نا؟، چونکە ئەگەر واژۆی ئەوی لەسەر بێت و ئینکاری ئیفادەکەی بکات، دادگا و پڕۆسەی دادگایی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

شایان عەسکەری باسی لەوەشکردوە، “شێروان شێروانی وتی، من ڕەنگە 50 وەرەقەم پێ ئیمزا کرابێت لەژێر ھەڕەشەی خێزانی و لێدان، بێ ئەوەی ئیفادەشم بۆ خوێنرابێتەوە پێیان ئیمزا کردوم، پرسیارم لە نوێنەری داواکاری گشتی کردوە مافم ھەیە ئیفادەکە بخوێنمەوە پێش ئەوەی ئیمزای کەم؟ خۆی لێ توڕە کردوم و وتویەتی بڕوات بە ئێمە نیە؟ وتوومە: نەخێر”.

وتیشی، “ئەیاز کەرەم ھەر لە ھۆڵی دادبینی ڕوی کردە نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و وتی ئێوە بە زەبری ھەڕەشە ئیفادەتان لێ وەرگرتوم، ئەوانیش چاویان خستبوە چاوی و پێدەکەنین، شڤان حاجی بەڕوشکی کە ئەمڕۆ دادگایی دەکرا لە کاتی چونە دەرەوە ھاواری کرد ساڵێکە پارێزەرم نەبینیوە”.

شایان عەسکەری لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، “لێرەوە وەڵامی من بۆ نوێنەری ئەنجومەنی ئاساییش ئەوەیە، ئایا کە زۆربەی شێرەکانی بادینان ساڵێک پارێزەری خۆیان نەبینن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیارەوە، ئایا کە بەزەبری ھەڕەشە و لێدان ئیفادەیان لێ وەردەگرن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیار، ئایا کە ناھێڵن کەس و کاریان بیانبینن، ئێوە ناکەونە ژێر پرسیار”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close