کوردستانی

دانیشتوانى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن

ئا/ شكۆى كوردستان

به‌پێى ڕاپۆرتێكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان، هاوڵاتیانى نیشته‌جێى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كراون ده‌ناڵێنن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ هاوڵاتیانى ناوچه‌كه‌ كۆچ بۆ شاره‌ گه‌وره‌كان بكه‌ن.
به‌پێى ڕاپۆرتێكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ بۆ ساڵى 2020 ئاماده‌ كراوه‌، كێشه‌ى دانیشتوانى ده‌ڤه‌رى سۆران كه‌ هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ (سۆران، مێرگه‌سۆر، ڕه‌واندوز و چۆمان) ده‌گرێته‌وه‌، چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى ئافره‌تان له‌و ده‌ڤه‌ره‌، ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: “دیارترین جۆره‌كانى توندوتیژى دژى ئافره‌تان خۆى له‌ (خۆسوتاندنى ئافره‌تان، خۆخنكاندن، هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خته‌، ده‌ستدرێژى سێكسى، سواڵكردن، لێدوان، زه‌وتكردنى منداڵ و ژنهێنانى دووه‌م) له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌بنێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌كاتى ئه‌و ڕووداوانه‌ كه‌متر په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر دادگا، به‌ڵكو به‌ سوڵحى عه‌شایرى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان”.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كێشه‌كانى ئافره‌تان له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، وه‌كو ڕاپۆرته‌كه‌ باسیكردوه‌ “نه‌بونى شه‌ڵته‌رى تایبه‌ت به‌ داڵده‌دانى ژنانه‌. ئه‌مه‌ش زۆر جاران به‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ بۆ ئافره‌تان دروست ده‌كات و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌”.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى منداڵان له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، ڕاپۆرتى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: “نه‌بونى ڕێكخراوى تایبه‌ت به‌ مافه‌كانى منداڵان و نه‌بونى یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ منداڵان، هه‌وره‌ها نه‌بونى خانه‌ى بێ سه‌رپه‌رشتان بۆ منداڵانى بێلانه‌ له‌گه‌ڵ كاركردنى منداڵ و سواڵ پێكردنیان له‌لایه‌ن بانیانه‌وه‌، له‌ دیاترین كێشه‌كانى ده‌ڤه‌رى سۆرانه‌”.
به‌پێى ڕاپۆته‌كه‌، له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران به‌شێكى زۆرى باڵه‌خانه‌كانى خوێندن كۆنن و به‌ كه‌ڵكى خوێندن نایه‌ن، هه‌وره‌ها ئامێرى سارد و گه‌رمكه‌ره‌وه‌ له‌ هۆڵه‌كانى خوێندندا نییه‌، ئه‌مه‌ش گرفتى گه‌وره‌ى بۆ قوتابیان دروستكردوه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى سۆران (كابینه‌) كراوه‌ته‌ قوتابخانه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر خوێندكاران جێهێشتوه‌.
به‌پێى ڕاپۆته‌كه‌، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى وه‌كو سیده‌كان، قوتابخانه‌ى ئاماده‌یی نییه‌، بۆیه‌ قوتابیانى ناچار ده‌چنه‌ گوندى دووره‌ ده‌ست بۆ خوێندن، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ قوتابیان واز له‌ خوێندن ده‌هێنن، به‌هۆى نه‌كردنه‌وه‌ى خوێندنى ئێوارانیش خوێندكاران ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خوێندن. جگه‌ له‌و كێشانه‌، بۆردومانكردنى ناوچه‌ سنورره‌كانى سۆران له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى توركیاوه‌، ترس و دڵه‌ڕاوكێى بۆ خوێندكاران و كه‌سوكاریان دروستكردوه‌.
ڕه‌وشى ته‌ندروستى له‌ سۆران، یه‌كێكى دیكه‌ له‌و كێشانه‌ى كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ كردوه‌ و تێدا هاتوه‌: “ڕه‌وشى ته‌ندروستى له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران له‌ ئاستێكى باشدا نییه‌ و پێویسته‌ گرنگى زیاترى پێبدرێت، چونكه‌ ساڵانه‌ خه‌ڵكێكى زۆر زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن. كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانى كه‌رتى ته‌ندروستى له‌ ده‌ڤه‌رى سۆران، خۆى له‌و خاڵانه‌دان ده‌بێنێته‌وه‌، له‌وانه‌: به‌هۆى كه‌مى كارمه‌ند، زۆرجاران خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ ناچاریی ڕوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن، یاخود ڕێگه‌یه‌كى زۆر ده‌بڕن تاوه‌كو له‌ هه‌ولێر چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ خه‌رجییه‌كانى زۆر هه‌یه‌ و ئه‌ركى هاوڵاتیان و كه‌سوكارى نه‌خۆشى قوڕس كردوه‌”.
كه‌مى ده‌رمان و پزیشكى پسپۆڕ خراپى كه‌لوپه‌لى پزیكشییه‌ له‌ سۆران، كێشه‌ى گه‌وره‌ى بۆ هاوڵاتیان دروستكردوه‌ ته‌نانه‌ت “له‌ بنكه‌ و نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان ده‌رمانى كوالێتى به‌رزیان پێنادرێت، یاخود ئه‌و ده‌رمانانه‌یان پێده‌درێت كه‌ كاریگه‌رى به‌هێزى نییه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات هاوڵاتیان سود له‌ چاره‌سه‌رییه‌كان وه‌رنه‌گرن. كه‌مى پزیشك و نه‌خۆشخانه‌ و نه‌مانه‌وه‌ى پزیشكى پێشكگر، له‌و كێشانه‌ن كه‌ هاوڵاتیانى ده‌ڤه‌رى سۆران به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن”.
كێشه‌ى زیادبونى به‌كارهێنه‌رانى مادده‌ى هۆشبه‌ر، یه‌كێكى دیكه‌ له‌و كێشانه‌ى كه‌ هاوڵاتیانى سۆران به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن: “له‌به‌رئه‌وه‌ى سۆران هاوسنورى له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێران، بۆیه‌ چه‌ندین جار بارزگانانى مادده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون و ده‌ستبه‌سه‌ر چه‌ندین كیلۆ مادده‌ى مه‌ترسیدارى تلیاك و حه‌شیش و هێرۆین دا گیراوه‌”.
له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: ئێران هه‌وڵ ده‌دات هه‌رێمى كوردستان لاواز بكات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگه‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ زیانى به‌ تاكه‌كانى بگه‌یه‌نێت و توشى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌رونیان بكات.
كێشه‌ى چاره‌سه‌رنه‌كردنى زیندانیانى پۆلیسى سۆران؛ گیراوانى بێزار كردوه‌، له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ” زیندانیانى پۆلیسى سۆران به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، له‌وانه‌ كه‌مى كاره‌باى نیشتمانى بۆته‌ هۆى بێزارى زیندانیان، هه‌روه‌ها دابینه‌كردنى توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌بونى بنكه‌ى ته‌ندروستى و نه‌بونى هه‌واى پاك و بچوكى باڵه‌خانه‌كه‌ و ئه‌نجامدانى وه‌رزش و دواكه‌وتن و خاویی یه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ى كێشه‌كانیان له‌ دادگا، كێشه‌ى گه‌وره‌ى بۆ گیراوان دروستكردوه‌”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close