ڕۆژنامە

موسڵ؛ زۆربه‌ى شوێنه‌ كلتوریی و ئاینییه‌كانى شاره‌كه‌ وێران بوه‌

ئا/ شكۆى كوردستان

چوار ساڵ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵدا تێدەپەڕێت، هێشتا شارەكە لەژێر كاریگەری ئەو سەردەمەدایە كە زۆربەی ژێرخان و شوێنە كلتوریی و ئاینییەكانی وێران بون، لەوانەش گرنگترینیان مزگەوت و مەزارگەی نەبی یونس بوو.

رێكخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی – داعش” لە 10ی حوزەیرانی 2014دا دەستیگرت بەسەر موسڵی ناوەندی نەینەوا و گەورەترین شاری پارێزگاكەدا، دوای تەنیا مانگێك و چەند رۆژێكیش، بە دیاریكراوی لە 24ی تەمموزی هەمان ساڵدا مزگەوتی نەبی یونسی تەقاندەوە.

ئەو مزگەوت و مەزارگەیە گرنگی تایبەتی لای موسڵاوییەكان هەیە و دوای حەوت ساڵ هێشتا دیمەنی داروپەردوی تەقاندنەوەی لەبەرچاوی خەڵكدایە.

داروپەردوی مزگەوتەكە ماوەتەوە

“هۆكاری دواكەوتنی بنیاتنانەوەی مزگەوتی نەبی یونس هەبونی شوێنەوارە لە مەزارگەكەدا” عەمار ئەلعەلی، فەرمانبەر لە بەشی راگەیاندنی وەقفی سونی وادەڵێت.

مزگەوت و مەزارگەی نەبی یونس لە بەرزایی گردێكی 40 مەتریدا بنیاتنراوە و پێیدەورێت تەل توبە (گردی توبە)، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە شوێنەوارییەكان لەسەر كۆشكێكی ئاشورییەكاندا دروستكراوە كە كۆشكی ئاسرەحدون پاشای كوڕی سەنحاریب و نەوەی سەرجون (680-669)ی پێش زایین بووە.

بۆیە فەرمانگەی شوێنەوار لە پارێزگای نەینەوا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كنە و پشكنینی ئەڵمانیدا واژۆكردووە بۆ گەڕان لە گردەكەدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەوتەی فەرمانبەرەكەی وەقفی سونی بۆ شكۆی كوردستان

خەیرەدین ئەحمەد، یاریدەدەری پشكنەری شوێنەواری نەینەوا كە چاودێری كاری تیمە ئەڵمانییەكەی كردووە دەڵێت ئەو گرێبەستە پێنج ساڵییە بۆ كاری دیكۆمێنتاری بووە لە تەل توبە، لە ساڵی 2018دا دەستیپێكردووە و تا كۆتایی 2019 و سەرەتای 2020 بەردەوام بووە، دواتر بەهۆی كۆرۆناوە كاری تیمەكە وەستاوە.

“كنە و پشكنینەكە بە هەماهەنگی زانكۆی هایدلبێرگی ئەڵمانی و شوێنەوارناسانی شوێنەواری نەینەوادا بووە” بەوتەی خەیرەدین، ئەوەشی رونكردەوە بەپێی گرێبەستەكە پارچە شوێنەوارە دۆزراوەكان رادەستی دەستەی گشتی شوێنەواری لە بەغدا دەكرێن.

دەربارەی چارەنوسی مزگەوتەكە دوای تەواوبونی پرۆسەی كنە و پشكنین، خەیرەدین ئەحمەد وتی دوبارە مزگەوتەكە لە هەمان شوێنی خۆیدا بنیاتدەنرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو مزگەوتەكە لە تەنیشتی كۆشكی ئاسرەحدون دەبێت و دوبارە ئەو كۆشكە بنیاتدەنرێتەوە “لە نزیكترین كاتدا دەبێتە شوێنێكی گەشتیاری”.

خەیرەدین ئەحمەد دەڵێت مزگەوتی نەبی یونس موڵكی دیوانی وەقفی سونییە، بەوپێیەی تل توبە موڵكی وەقفە، بەڵام كۆشكی ئاسرەحدون دەبێتە موڵكی شوێنەواری نەینەوا هەرچەندە لەسەر زەوی سەر بە وەقفی سونیشدایە.

بانگەشەی هەڵبژاردن لە پرۆژەكانی ئاوەدانیدا

مەنهەل خەباز، وەزیری پیشەسازی و كانزاكان بەڵێنی بە هاوڵاتیانی موسڵ دا لە ماوەی تەنیا “10 رۆژدا” مزگەوتی نەبی یونس بنیاتبنێنەوە، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە هەینی 2ی تەمموزی 2021 بەڕێوەچوو.

ئەو بەڵێنەی وەزیر بە “بانگەشەی پێشوەختە”ی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی تشرینی یەكەمی 2021ی عیراق لێكدەدرێتەوە.

فەیسەڵ جەبر، شوێنەوارناس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا وەڵامی وەزیری پیشەسازی دایەوە و وتی “قسەكردن لەسەر بنیاتنانەوەی مزگەوتەكە “بانگەشەی هەڵبژاردن”ـە و تا كۆتاییهاتنی كاری كنە و پشكنین كە رەنگە چەند ساڵێك بخایەنێت، ئەو پرۆژەیە روناكی نابینێت.

لەو گردەی مزگەوتەكەی لەسەر بنیاتنراوە زنجیرەیەك تونێل بە درێژایی 800 مەتر هەن

“لەو گردەی مزگەوتی نەبی یونسی تیادا بنیاتنراوە زنجیرەیەك تونێلی تێدایە كە درێژییان 800 مەترە، ئەو تونێلانە بناغەی راگری پایەكانی مزگەوتەكەن بۆیە ناتوانین ئامێر و ئۆتۆمبێلی قورس ببەینە گردەكە بۆ پرۆژەی بنیاتنانەوە” بەوتەی جەبر.

لە كۆنگرەكەدا جەختیكردەوە “بەپێی داتا هونەرییەكان خەریكە پرۆسەی بنیاتنانەوە دەبێتە مەحاڵ، بەهۆی هەبونی چەندین تونێل لەگردەكە، زانكۆی هایدلبێرگ بۆ چەند ساڵی داهاتوو كنە و پشكنین تەواو ناكات و شوێنەواری نەینەواش لەبەر ئەو پرۆسەیە كارەكانی بنیاتنانەوەی راگرتووە”.

مزگەوتی نەبی یونس بە یەكێك لە شوێنەوارە مێژوییەكانی جیهانی ئیسلامی دادەنرێت و بەپێی مێژونوسان لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی موعتەزبیلادا لە ساڵی 279ی كۆچی لەسەر ئەو گردە بنیاتنراوە.

مزگەوتەكە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری موسڵ، لەو ناوچەیەی لەمێژودا بە”گوندی نەینەوا” بەناوبانگە و دواتر ناوی مزگەوتەكەی هەڵگرتووە، ئەوەش ناوچەیەكی بازرگانییە كە بازاڕی نەبی یونسی تێدایە.

پێگەی مزگەوتی نەبی یونس لەنێو خەڵكی موسڵدا

مزگەوت و مەزارگەی نەبی یونس بە یەكێك لە شوێنە پیرۆزەكانی عیبادەت دادەنرێت و خەڵكی موسڵ بۆ نەزر و خواستەكانیان و نزیكبونەوە لە خودا یان نزای چاكبونەوەی نەخۆشی سەردانیان دەكرد.

دایكی عیماد لە شەستەكانی تەمەنیدایە و دەڵێت لەگەڵ خێزانەكەیدا زۆرجار سەردانی مزگەوتەكەیان كردووە بۆ نزا و وەرگرتنی پیرۆزی لە گۆڕی نەبی یونس بە تایبەت رۆژانی پێنجشەممەی هەموو هەفتەیەك.

كاروانی بوك و زاوا بە رێگای مزگەوتەكەدا دەرۆیشتن و لە هوتافەكانیاندا سەلامیان بۆ نەبی یونس دەنارد و دەیانوت (ئێمە داوامانكرد و خودا پێیداین.. نەبی یونس بێ ئومێدمان ناكات) وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی نەبی یونس دەكەنە نێوەندگیر و لەڕێی ئەوەوە نزا و داواكانیان دەگەیەنن” بەوتەی دایكی عیماد بۆ (شكۆی كوردستان)

مزگەوتی نەبی یونس بەچەندین قۆناغی گۆڕانكاریدا تێپەڕ بووە، دوایینجار لە نێوان ساڵانی 1988 و 1992دا حكومەتی عیراقی نۆژەنی كردەوە تا لە 2014دا داعش لەگەڵ زەویدا تەختی كرد.

موسڵاوییەكان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دوبارە بنیاتنانەوەی مزگەوت و مەزارگەی نەبی یونس دەكەن بەڵام چاوەڕێن كاری تیمە ئەڵمانییەكە تەواو بێت كە بەهۆی كۆرۆناوە راگیراوە و بڕیارە لە ئەیلولی ئەمساڵدا دەستپێبكاتەوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close