“سزاى قوڕس بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران داده‌نرێت”
ئا/ شكۆى كوردستان
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی پڕۆژه یاسایی وەبەرھێنان، ده‌یه‌وێت گرنكی زیاتر به پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و وه‌به‌رهێنه‌ره ناوخۆیی و بیانییه‌كان بدات، ڕه‌شنووسه‌كه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه و، به مه‌به‌ستی په‌سندكردنی ڕەوانەكردنی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه.
له ڕێگه‌ی ڕه‌شنووسەكه، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌یه‌وێت “گه‌ره‌نتی و ماف و ئیمتیازی زیاتر به وه‌به‌رهێنه‌ر” بدرێت. كار به سیسته‌می یه‌ك په‌نجه‌ره‌یی بكرێت و نه‌خشه‌كان له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان دروستبكرێت.
چۆنیه‌تی ته‌رخانكردنی زه‌ویی و ڕێككاره‌كانی به وردی ڕونكراوەته‌وه؛ چاره‌سه‌ر به ڕێگه‌ی یاسایی بۆ كه‌موكوڕییه‌كانی یاسای پێشوو خراوەته‌ڕو. ئێستا ڕه‌شنووسه‌كه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه.
د. موخڵیس سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی یاسایی و كارگیڕی و دارایی له ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى كوردستان به (شكۆى كوردستان)ى ڕایگه‌یاند: ئه‌وله‌ویتی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه، كه موڵه‌ت به پڕۆژه‌كانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گه‌شتیاری بده‌ین. هیچ مۆڵه‌تێك بۆ پڕۆژه‌ی خانووبه‌رە له‌لایه‌ن ده‌ستەی وه‌ربه‌رهێنان نه‌دراوه، جگه له‌و پڕۆژانه‌ی كه بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی باڵا وه‌به‌رهێنان هه‌بووه، كه رێگه‌یان دراوه كاره‌كانیان ته‌واو بكه‌ن.
لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، له هه‌رێمى كوردستاندا به به‌های 53 ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان به نزیكه‌ی 1000 پڕۆژه دراوه، به‌ڵام تائێستا ته‌نیا 400 پڕۆژه ته‌واو كراوه، نزیكه‌ی 600 پڕۆژه‌ى دیكه‌یان ماوه ته‌واو بكرێت.
به‌هۆی “كه‌مته‌رخه‌می و ڕاكردنى وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه، چه‌ندین چه‌ندین كێشه‌ی تری یاسایی و دارایییه‌وه” بۆ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان دروستبووه، بۆیه مۆڵه‌ت له 150 پڕۆژه له وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌رگیراوەته‌وه.
د.موخڵیس ده‌ڵێت: “بەپێى یاسا و ڕێنمایی ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه، وەبەرهێنەرى کەمته‌رخه‌م سزای قورسیان له‌سه‌ر نه‌بووه، به‌ڵكو ته‌نیا پڕۆژە و موڵەتەکانیان لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌مانه‌وێت لە ڕه‌شنووسی یاساکە نوێییه‌كه سزای قوڕس بۆ وه‌به‌رهێنه‌رى كه‌مترخه‌م دیاریکراوە”.
ئێستا ڕۆژانه موڵه‌تی وه‌به‌رهێنان به وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی و بیانی ده‌درێت، به‌وته‌ى د.موخڵیس ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌كی زۆر وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی ڕوییان له هه‌رێمی كوردستان كردووه بۆ وه‌به‌رهێنان، به‌وهۆیه‌وه كارئاسانی زۆریان بۆ ده‌کرێت تاوه‌كو پڕۆژه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن.