نێودەوڵەتی

ئێران داوای ده‌ركردنی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌كازمی ده‌كات

شكۆی كوردستان-

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە و داوای “چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی” حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لێکردوە کە بارەگاکانیان لەهەرێمی کوردستان داناوە.

 ئێران نیگەرانە لە زیادبونی جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان

عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە لە زیادبونی “جموجۆڵی گروپە تیرۆریستییەکان” لە هەرێمی کوردستان کە مایەی تێکچونی ئاسایشی سنورەکانی عێراق و ئێرانیشە.

دەبێت ئەو گروپانە لە زوترین کاتدا چەک بکرێن و لەعێراق دەربکرێن

باسی لەوەشکردوە، تاران بەپێویستی دەزانێت ئەو گروپانە لە زوترین کاتدا چەک بکرێن و لەعێراق دەربکرێن”.

 ماوەی سێ رۆژە تۆپخانەکانی سوپای پاسداران گوندێکی سیدەکان بۆردومان دەکەن

لێدوانەکەی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تۆپبارانی گوندی بەربزینی سیدەکان دەکەن بەهۆکاری بونی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو سنورە، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشینانی سنورەکە دروستبوە.

 بە بیانوی بونی پێشمەرگەکانی دیموکرات تۆپبارانی ناوە ناوەی باڵەکایەتی دەکرێت

ئێران ماوەی چوار ساڵە بە بیانوی بونی پێشمەرگەکانی دیموکرات تۆپبارانی ناوە ناوەی باڵەکایەتی و دەڤەری برادۆست دەکات.

داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین کە لە بارەگاکانی ئەو حزبانە دوربکەونەوە بۆ ئەوەی توشی زیان نەبن

6ی ئەم مانگە، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران سەردانی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران-عێراق کرد  و باسی لە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، “گروپەکانی دوژمنی شۆڕش، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبون، داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین کە لە بارەگاکانی ئەو حزبانە دوربکەونەوە بۆ ئەوەی توشی زیان نەبن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close