نێودەوڵەتی

له‌به‌ریتانیا كوردێك ده‌كرێته‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌

شكۆی كوردستان-

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە 15-9-2021 کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە حکومەتەکەیدا کرد، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لە زنجیرەیەک “هەنگاوی هەڵەی سیاسی” بەدووربگرێت و ئەجێنداکەی بۆ بەرزکردنەوەی هەلی ئابووری لە سەرتاسەری بەریتانیا لەدوای کۆرۆنا بچەسپێنێتەوە.

نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا بۆ کاروباری ڤاکسین، لە شوێنی گاڤین ولیەمسن بووە وەزیری پەروەردە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی لە نەدیم زەهاوی کردووە و نووسیویەتی: “ئەمشەو بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لە هاوڕێم کاک نەدیم زەهاوی کرد بۆ دیاریکردنی وەکو وەزیری پەروەردەی بەریتانیا”.

یەکێکی دیکە لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان گۆڕینی دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوە بوو. دۆمینیک راب لەمەودوا پۆستەکانی وەزیری داد و جێگری سەرۆکوەزیرانی بەدەستەوە دەبن.

هاوکات لە شوێنی دۆمینیک رابدا، لیز ترەس، وەزیری بازرگانی بووە وەزیری دەرەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکی دیکەدا پیرۆزبایی لە لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا کردووە و هیوای خواستووە پێکەوە کار بکەن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان: “لەنێویاندا سەقامگیریی هەرێمی”.

نووسینگەی راگەیاندنی بۆریس جۆنسن گوتی کە سەرۆکوەزیران “تیمێکی بەهێز و یەکگرتوو رادەسپێرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر لەدوای کۆڕۆنا بەخۆبێینەوە”.

هەروەها پۆستی وەزیری نیشتەجێکردن لە رۆبەرت جێنریک وەرگیرایەوە و درایە مایکڵ گۆڤ. هەریەک لە پریتی پاتێل، وەزیری نێوخۆ و بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، بۆریس جۆنسن گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەیدا رادەگەیێنێت، ئەوەش بە ئامانجی “پێکهێنانی تیمێکی بەهێزی یەکگرتوو” بۆ قۆناخی دوای پەتای کۆرۆنا.

بەهۆی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەرامبەر پرسی ئەفغانستان، دۆمەنێک راپ رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە. لە کاتێکدا هێزە بەریتانییەکان لە فڕۆکەخانەی کابوول سەرقاڵی گواستنەوەی هاووڵاتییانی بەریتانی و ئەفغانی بوون، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە دوورگەیەکی یۆنان لە پشوودا بوو.

لە هەمانکاتدا، وەزیری پەروەدەی ئەو وڵاتە بەهۆی رێوشوێنەکانی داخستنی قوتابخانەکان، رێکخستنی ئەزموونەکان و چوونی قوتابیانی ئامادەیی بۆ زانکۆ رووبەڕووی رەخنە و گلەیی بووەوە

ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیرانە تەمەن 57 ساڵە پارێزگارەکە لە کاتێکی هەستیاردا دێت.

جۆنسن لە ساڵی 2019ـەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.

بەڵام راپرسیێکی ئەمدواییەی پەیمانگەی یوگۆف پیشانیدەدات کە جەماوەری پارتەکەی بۆریس جۆنسن بە رێژەیەکی زۆر کەمیکردووە و پارتی کرێکاران پێشی کەوتووە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە حکومەت باجی بەشداربوون لە بیمەی کۆمەڵایەتییدا زیادکرد لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە بەهۆی پەتای کۆرۆنا زیانی ئابووریی گەورەی بەرکەوت.

پارتی پارێزگاران، پێچەوانەی بەڵێنەکانی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، باجی بۆ بەرزترین ئاستی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی بەرزکردووەتەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close