شكۆی كوردستان-
لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی کۆبوونەوەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو لەگەڵ گەلی کورد و تەواوی عێراق و ئاماژە بەوەشکراوە، پەیوەندییەکان قووڵ و مێژوویین و هەردوو سەرکردەش سووربوونی خۆیان بۆ پەرەدان پێیان دووپاتکردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک بازرگانی و وەبەرهێنان.
هەروەها دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان “دۆخی ئێستای ئەفغانستانیان تاوتوێکرد و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی رێگەگرتن لە دروستبوونی هەڕەشەی تیرۆرستی لەو وڵاتەوە کردەوە.”
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ژمارەیەک پرسی دیکەی هەرێمی لە لایەن بۆریس جۆنسن و نێچیرڤان بارزانییەوە لە کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێکراون و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە پێویستی زانی ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، “سەرۆکوەزیران پێشوازیی لەو هەنگاوانە کرد کە عێراق گرتوونەتیەبەر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و پاڵپشتی شانشینی یەکگرتوویشی بۆ ئەو هەوڵانە نیشاندا لە کاتێکدا کە بەرەو 26ـەمین لووتکەی کەشووهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڕۆین.”