ڕۆژنامەکوردستانی

شارەوانی سلێمانی: كێشەی سەرەكیمان زیادەڕۆییە

كێشه‌ى ئاوه‌ڕۆ له‌ سنوورى سلێمانى چاره‌سه‌ر كراوه‌
زه‌ردبوونى دار و دره‌خته‌كانى سلێمانى به‌هۆى بێئاوییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌

ڕێبن كه‌مال-تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان- سلێمانى-

له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌گه‌ڵ شكۆى كوردستان، سه‌رده‌ست ره‌فیق به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانى سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى ئاوه‌ڕۆ له‌ شاره‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌، به‌ڵام تائێستا كێشه‌ى سه‌ره‌كیان زێده‌ڕۆییه‌ كه‌ له‌سه‌ر موڵكى گشتى دروستده‌كرێن.

سه‌رده‌شت ره‌فیق، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: خانووه‌كانى 75 گوندى سنوورى پارێزگاى سلێمانى تاپۆ ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش داهاتێكى باشه‌ بۆ حكومه‌ت.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەتاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان، بۆ ئەو مەبەستە چ ئامادەكاریتان كردووە؟
سەردەشت رەفیق: ئامادەكاریمان كردووە، خانووەكان زۆرن كاتی خۆی 75 گوند كەوتە سنووری ماستەر پلانی شاری سلێمانییەوە و 35 گوندیان كاری یاساییان بۆ كراوە.

شكۆی كوردستان: بەڕای ئێوە تاپۆكردنی خانووەكان سوودی بۆ حكومەت و خەڵك چۆنە؟
سەردەشت رەفیق: بۆ هاوڵاتیان سوودی ئەوەیە دەبنە خاوەنی تاپۆی خۆیان لەوەی فۆڕمێكە و ڕەنگە لە زۆر شوێنی فەرمی باوەڕپێكراو نەبێت، بەڵام كە ببیتە تاپۆ دەبێتە داهاتێكیش بۆ حكومەت، بەڵام زیاتر هاووڵاتیان سوودی لێوەردەگرن.

شكۆی كوردستان: ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن، پێشبینی دەكەن بۆ داهاتوو كێشەی زیادەڕۆیی نەمێنێت؟
سەردەشت رەفیق: رۆژانە زیادەڕۆیی هەیە، ئێستا لەسنووری ناوچەی كەڵەكن هاووڵاتیان خانوو دەكەن و بەشی زیادەڕۆیی تێكی دەدەن، هەندێك هاووڵاتی وەك جۆرێك لەكەسابەتیان لێكردووە و هەندێكیش كردویانەتە بەچاولێكەری، ئەم ماوەیەی ڕابردووش بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە هاووڵاتیان وایانزانیبوەو بەهۆی سەرقاڵی حكومەتەوە پەنایان بۆ دروستكردنی خانووی زیادەڕۆیی بردبوو، بەڵام تیمەكانی شارەوانی بەئاگابوون و ڕێگریان لێكرد بوون.

شكۆی كوردستان: ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاوین كێشەی ئاودانی درەختەكانتان هەبوو، ئەمساڵ چیتان كردووە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو كێشەیە؟
سەردەشت رەفیق: ئەمساڵ تەندەر ئامادەكراوە و 40 تانكەر دەگرین بۆ ئاودانی بلوارەكان و كێشەكە چارەسەر دەبێت.

شكۆی كوردستان: بۆ مەسەلەی ئاوەڕۆ ئەوەندەی تێبینی دەكرێت شاری سلێمانی باشترە، ئایا ئەو كێشەیە كۆتایی هاتووە؟
سەردەشت رەفیق: بەڵێ كێشەی ئاوەڕۆمان نییە و بەشێوەیەكی ستاندار دروستكراون، مەگەر چێشتخانەكان هەندێك خاشاك بخەنە نێو ئاوەڕۆكان لەو كاتەشدا بەشی ئاوەڕۆ بەهۆی ئامێرەوە ئەو حاڵەتانە چارەسەر دەكەن.

شكۆی كوردستان: لەم ماوەیەی رابردوو بەشێكی پڕۆژەی ریسایكلنی ناوچەی تانجەرۆ كرایەوە، ئەوە تا چەند باشە بۆ خۆڵ و خاشاكی شارەكە؟
سەردەشت رەفیق: ئەو پڕۆژەیە بەشێوەی تاقیكردنەوە كرایەوە و 80%ی خاشاك ریسایكلین دەكات و 20%یشی دەمێنێتەوە و ئەو رێژەیەش ئەگەر بخرێتە ژێر زەوی كاریگەری خراپی نابێت، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و بۆ ژینگەش زۆر باشە.

شكۆی كوردستان: ساڵانە لەم وەرزەدا قیرتاوكردنی تاسەكانتان دەست پێدەكرد، ئەمساڵ كۆرۆنا و نەبوونی بودجە كاریگەری نەبووە لەسەر قیرتاوكردنەكان؟
سەردەشت رەفیق: ئەمساڵ هەڵمەتێكمان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوەیان، بەڵام ئەوەش پێویستی بەكرێكار و ئەندازیارە، بەڵام بۆ دروستنەبوونی قەرەباڵغی لەڤایرۆسی كۆرۆنا چاوەڕێی تەواوبوونی ئەم نەخۆشییەن و پاشان نۆژەنیان دەكەینەوە.

شكۆی كوردستان: وەك خۆتان دركتان پێكردبێت، ئێستا دیاریترین كێشەتان چییە؟
سەردەشت رەفیق: نەهێشتنی زیادەڕۆییە، خۆشبەختانە ئێستا بەشێكی دادگا تایبەت كراوە بەزیادەڕۆیی و لەناو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئامادەكاری بۆ كراوە و دادوەرێك لەناو شارەوانی دەوام دەكات، ئەو كاتە رێككارە یاساییەكان باشتر دەبن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close