نێودەوڵەتی

ئه‌مریكا و روسیا پرسی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران تاوتوێده‌كه‌ن

شكۆی كوردستان-

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەشدا کێشەکە ئەمەریکا و ڕوسیاشی نیگەران کردووە.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی وت ” دەرفەتێکمان هەبوو تاوەکو تێبینیەکانی خۆمان بەراورد بکەین لەسەر ئەوەی لەکوێداین و دەشمانەوێت بۆ کوێ بڕۆین.”

دوای گفتوگۆکە، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە ” دەبێت بەزووترین کات دەستپێبکەنەوە.” کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت ” ئەمەریکا بگەڕێتەوە سەر پابەندبوون بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەوە و ڕێوشوێنە نایاساییەکانی سەر ئێران و سەرجەم هاوبەشە بازرگانیەکانی ئەو وڵاتە ڕابگرێت.”

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر عەبدوڵاهیان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ” ئێستا لە قۆناغی کۆتایی تاوتوێکردنی ئەم بابەتەداین و بەمزووانە گفتوگۆکانمان لە ڤییەنا دەستپێدەکەینەوە.”

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئاماژەی بەوەداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکیەکە، بەمەرجێک سەرەتا ئێران دووبارە پابەند بێتەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هەفتەی ڕابردوو هۆشداریدا و وتی کاتەکە خەریکە بەسەردەچێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.

ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و ئەڵمانیا و چین و فەڕەنسا و ڕوسیا و بەڕیتانیا و ئەمەریکادا بووە هۆی کەمکردنەوەی سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئێران و لەبەرامبەریشدا تاران گەشەپێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار بکات. بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close