ڕۆژنامەکوردستانی

ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌

شكۆی كوردستان-

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایدەگەیێنێت، رێژەی بەشداریکردن لە سەنتەری سلێمانی 78٪ و لە پارێزگای هەڵەبجەش 85.9٪ بوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کۆی گشتی دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی، بە ئاوارە و زیندانی و هێزە ئەمنییەکان 95984 کەس بوون، 74940 کەسیان دەنگیان داوە و بەو جۆرەش رێژەی بەشداریکردن 78٪ بووە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی دەنگدان، لە سلێمانی 84٪ـی هێزە ئەمنییەکان، 36٪ـی ئاوارەکان و 37٪ـی زیندانییەکان دەنگیان داوە.

هاوکات ئوسامە عیزە، رێکخەری بنکەی دەنگدانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگاکە 1967 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و پرۆسەکەش لە یەک بنکەدا بەڕێوەچووە و رێژەی بەشداریش 85.9٪ بووە.

لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان بەهۆی نەزانینی شێوازی دەنگدان ژمارەیەکی زۆر دەنگ سووتاون، لە بازنەی یەکی سلێمانی لە قوتابخانەی غەفوور ژاژڵەیی لە کۆی 2300 دەنگ، 500 دەنگ سووتاون، هەروەها لە بازنەی یەکی سلێمانی لە بەکرەجۆ لە کۆی 2232 دەنگ 370ـیان سووتاون.

لە قوتابخانەیەکی گەرمیان لە کۆی 1900 دەنگ 370ـیان سووتاون، هەروەها لە بازنەی چواری سلێمانی لە قوتابخانەیەک لە حاجیاوا لە کۆی 1860 دەنگی 370ـیان سووتاون.

ئوسامە عیزە ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەچوو و ئەو کەسانەش کە بەشدارییان لە پرۆسەکە نەکرد لە کەمتەرخەمی خۆیان بوو، چونکە پێشتر سەردانی کۆمیسیۆنیان نەکردبوو بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانیان.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەت هەبوو؛ 225 هەزار و 851 کەس لەوان ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و 105 هەزار و 754 کەسیشیان ئاوارە بوون و ژمارەیەک زیندانیش هەمان مافیان هەبوو.

ژمارەی ئەو بنکە و وێستگانەی بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەرخانکرابوون 181 بنکە بوو؛ 121 بنکەیان تایبەت بوون بە هێزە ئەمنییەکان کە لە 534 وێستگەی دەنگدان پێکدەهاتن؛ ژمارەی بنکەکانی تایبەت بە دەنگدانی ئاوارەکان 60 بنکە بوون، کە لە 257 وێستگەی دەنگدان پێکدەهاتن، لەگەڵ دوو وێستگەی دیکەی تایبەت بە سزادراوان لە دهۆک و سلێمانی.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close