Uncategorized

كۆمسیۆن: ئامێری دیكه‌ی ده‌نگدانمان هه‌یه‌ بۆ حاڵه‌تی كوتوپڕ

شكۆی كوردستان-

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند کە کۆمیسیۆن ئامێری دیکەی ئەڵتەرناتیڤی هەیە لە حاڵێکدا ئەگەر هەر کێشەیەک بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان پێشهات. هەروەها پلانی ئەڵتەرناتیڤیشی هەیە بۆ هەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراو، سەرباری ئەوەش لیژنەی تەکنیککاری بۆ هەر پارێزگایەک دابینکردووە.

گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە لیژنەیەکی تەکنیککاریان هەیە لە نزیکەی 100 کەس پێکهاتووە و ئەم لیژنەیە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ هەموو بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق دەربارەی هەر کێشەیەکی تەکنیکی کە لە ئامێرەکان رووبدات.

جومانە غەلای لەوبارەوە گوتی: “ئامێری بەدیلمان هەیە بۆ ئەو ئامێرانەی کێشەیان تێدەکەوێ”، گوتیشی: “ئامێرەکان هەندێ جار کە لەکار دەکەون، هۆیەکەی خراپ بەکارهێنانە لەلایەن ئەو بەرپرسەی لەسەر ئامێرەکەیە.. هەر شتێکی لەمجۆرەش رووبدات، لیژنەی تەکنیکی ئامێرێکی دیکەیان بۆ دابیندەکەن تاوەکو ئەوکاتەی ئامێرەکەیان بۆ بەکاردەخەنەوە”.

کێشەی کارنەکردنی ئامێری دەنگدان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە چەندین بنکەی دەنگداندا لە چەند پارێزگایەک تۆمارکرا، ئەمەش مقۆمقۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە چەند بنکەیەک دەنگدەران ناچار بوون لەبەردەم بنکەکاندا لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرانسەری عێراق، لە کاژێر حەوتی بەیانییەوە دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و ئەم پرۆسەیەش تاوەکو کاژێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدان دوای 24 کاژێر لە کۆتاییهاتنی پرۆسەکە رادەگەیێنێت.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close