شكۆی كوردستان-
راوێژكاری باڵای سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، داواكاری روسیا بۆ ئاگربه‌ست و وه‌ستاندنی جه‌نگ بۆماوه‌ی 36 كاتژمێر ره‌تده‌كه‌نه‌وه و “باشتره روسیا دوڕوییه‌كانی بۆخۆی هه‌ڵبگرێت، ئێمه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین”.
به‌پێی رۆژنامه‌ی The Guardianی بریتانی، میكایڵو پۆدڵیاك راوێژكاری باڵای ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا له تویتێكیدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، “داواكەی ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆكی روسیا بۆ ئاگربه‌ستی كاتی به‌بۆنه‌ی یادی جه‌ژنی كریسمسی ئۆرتۆدۆكس ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ رێكه‌وتنێك له نێوان ئێمه و ئه‌و وڵاته‌دا بونی نییه”.
هێزه‌كانمان روبه‌ڕوی داگيركاران وه‌ستاونه‌ته‌وه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، “دو خاڵی زۆر گرنگ هه‌یه كه بوترێت یه‌كه‌م، ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هێرشمان نه‌كردوه‌ته سه‌ر هیچ وڵاتێك و خه‌ڵكمان نه‌كوشتوه، به‌ڵكو هێزه‌كانمان روبه‌ڕوی ئه‌و ده‌سته‌یه وه‌ستاونه‌ته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌یه‌وێت خاكی وڵاته‌كه‌مان داگیربكات”.
پێش ئه‌وه‌ی روسیا باس له رێكه‌وتن و ئاگربه‌ست بکات، پێویسته له خاكی وڵاته‌كه‌مان بكشێته‌وه
راوێژكاری باڵای سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه، “دوه‌م خاڵ كه باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه، پێش ئه‌وه‌ی روسیا باس له رێكه‌وتن بكات و ئاگربه‌ست رابگەیەنێت، پێویسته له ته‌واوی سنوری خاكی وڵاته‌كه‌مان بكشێته‌وه، ئه‌و كاته ئه‌گه‌ری هه‌یه باس له رێكه‌وتنێكی كاتی و ئاگربه‌ست بكرێت”.
ئێمه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، “ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شوێن داواكاری و راگه‌یاندنی بێ بنه‌مای روسیا ناكه‌وین و وا باشتره روسیا دوڕوییه‌كانی بۆخۆی هه‌ڵبگرێت، ئێمه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به‌رده‌وام ده‌بین”.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بڕیاریدا بۆ ماوه‌ی 36 كاتژمێر ئاگربەست بەدرێژایی تەواوی هێڵی پێشەوەی جەنگ له‌گه‌ڵ لە ئۆکرانیا رابگه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ش له کاتژمێر 12:00ی ئه‌مشه‌و بەکاتی مۆسکۆ تا کاتژمێر 12:00ی نیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه به‌رده‌وام ده‌بێت.