Uncategorized

هه‌رێم ترسی ده‌ركردنی بڕیاری دیكه‌ی له‌دادگای فیدڕاڵی هه‌یه‌

شكۆی كوردستان-

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دژی نادەستووری بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای قوڵترکردووەتەوە، بەرپرسانی هەرێم ترسی دەرچوونی بڕیاری تریان لەلایەن ئەو دادگایەوە هەیە لەبەرامبەر سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان.

چوار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ( سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری)، دوێنێ دووشەممە، کۆبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیان کرد، ڕاشیانگەیاند ” بڕیارەکەی دادگا قەبوڵکراو نییە”. ئەوەش لەکاتێکدایە کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراق لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، لیژنەیەکی بۆ پەکخستنی سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوت و غازی هەرێم و دەستپێکردنی ڕێکارە کرداریەکان پێکهێناوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان ترسی لەوە هەیە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیاری تریان بەدوادابێت، بەتایبەت بڕیار لەدژی دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانە و خستنە لیستی ڕەشی کۆمپانیا گەورەکانی هەرێم و مامەڵە لەگەڵ نەکردنیان.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، گەر عێراق نیەتی خراپبێت و بیەوێت قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، بیەوێ بەشێوەیەکی نادەستووری، هەرێم بخنکێنێت، ئەوا چی دەکەن با بیکەن، گوتی”کورد ئازادیخوازە و لەمافە دەستووریەکانی سازش ناکات، عێراق هەر بڕیارێکی تر دەربکات، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، وابڕوات داهاتوو باش نابێت.”

هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بە سیاسی ناودەبات، پێیوایە بڕیارەکە لەکاتێکی سیاسی و لەگەرمەی کێشە و ململانێ سیاسیەکاندا دراوە، بەڵام گرفتی هەرێم لەوەدایە، سەرچاوەی بڕیارەکانی دادگا هەرچیەک بێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یەکلاییکەرەوەن و گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێم دروستدەکەن.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، بەدەنگی ئەمەریکای گوت “وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەرێمیش جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵام ناشیەوێت جێبەجێ یان بکات، بۆیە گەر هەرێم و عێراق ڕێکنەکەون، عێراق کارتی فشاری زۆر بەدەستەوەیە.”

سەبارەت بەکارتە فشارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێم، محەمەد حسێن وتی”وەکو بڕینی 200 ملیار دینارەکە، خستنە لیستی ڕەشی کۆمپانیا نەوتیەکان و سکاڵا تۆمارکردن لەسەریان، بەتایبەت بڕیارە مانگی حەوت، سکاڵاکەی عێراق لەپاریس لە دژی تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم سەرهەڵبداتەوە، عێراق جگە لە داوای ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، داوای 26 ملیار دینار قەرەبووش لەتورکیا دەکات.”

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەکاتێکدا دراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان هەبوو، ئەمەش لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانی توڕە کرد و پێیانوابوو کورد بووەتە بەشێک لە تێکدانی ماڵی شیعە.

شوان محەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای گوت “بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و غازی هەرێم نادەستورین و غەدرێکی گەورەن لەهەرێم، سەرەتایەکی خراپیشە دادگا پێچەوانەی دەستور مامەڵە بکات، کورد نابێت چاوپۆشی لەمافە دەستوریەکانی بکات.”

شارەزایانی ئابووری پێیانوایە، بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عێراق زیانی گەورە بەهەرێمی کوردستان دەگەیەنن، گەر هەرێم کێشەکان بە لێکتێگەیشتن و گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close