نێودەوڵەتیڕۆژنامەکوردستانی

هه‌وڵه‌كانی سوننه‌ له‌گێژاوی قه‌یرانه‌كانی عێراقدا

شكۆی كوردستان-

لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان سەبارەت بە لادانی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان لە پۆستەکەی، موحەمەد حەلبوسی سەردانی تاران، پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

لە مانگی یەکی ڕابردوودا، حەلبوسی بۆ دووهەم جار لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرایەوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەپێی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان سەدر و حەلبوسی و بارزانی.

یەک یان دوو ڕۆژ پاش وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێران، حەلبوسی بانگهێشتی تاران دەکات، بەڵام ئەو کاتە وەک دەگوترا بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانە سیاسییەکانی عێراقەوە ئەو سەردانە دواخرا.

لە ئێستادا نکوڵی ناکرێت لەوەی هەندێک فاکتەر هەن وەهایان کردووە گلەیی و ناڕەزایی بەرامبەر هەڵوێستەکانی حەلبوسی هەبێت وەک سەرۆکی پەرلەمان.

گلەییەکان پەیوەندییان هەن بە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعەوە و هەروەهاش ناو ماڵی عەرەبی سوننەشەوە.

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئاشکرایی دەڵێن سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانیوە ڕۆڵی یاسایی و دەستوریی خۆی بگێڕێت و خۆی کردۆتە بەشێک لەو ناکۆکییە سیاسیانەی لە عێراقدان.

بەڵام ناڵێن ئایا ئەو ڕوانینەیان پەیوەندی هەیە بە هاوپەیمانێتییەکەیەوە لەگەڵ سەدر و بارزانیدا، یان پەیوەندی هەیە بە سەردانە لە ناکاوەکانیەوە لەگەڵ خەمیس خەنجەری هاوپەیمانیدا بۆ لای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و گەورە کاربەدەستانی تری تورکیاش.

دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، نیگەرانییەکی زۆری دەربڕیوە سەبارەت بە گەڕانەوەی ڕافع ئەلعیساوی، وەزیری پێشوتری دارایی و هەروەهاش گەڕانەوەی عەلی حاتەم سولەیمان، کە بە یەکێک لە سەرکردە دەستڕۆیشتوو و کاریگەرەکانی عەرەبی سوننە دادەنرێت، بۆ ناو بواری سیاسی.

حەلبوسی نوسیویە “لە بەرامبەر گەڕانەوەی ئەو دوو کەسە هەڵوێستی ڕژد و یەکلاکەرەوە وەردەگیرێت لە تەواوی بەشدارییەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.”

هەرچۆنێک بێت ئەمە ڕەوشی عێراقە، ئەم ناکۆکیانە نەک هەر پرۆسەی سیاسی بە بنبەست گەیاندووە، بەڵکو پێدەچێت هێڵە سوورەکانی شیرازەی کۆمەڵایەتیشیان بەزاندبێت. عەرەبی شیعە و کورد و عەرەبی سوننەش بە دنیایەک ناکۆکی و ناتەباییەوە وەک خۆیان دەڵێن لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

زیاتر لە 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراقدا تێپەڕدەبێت و هێشتاش تروسکاییەک لە ئارادا نییە وەک ئاماژەیەک لێی بڕوانرێت بۆ نزیکبوونەوە لە پێکهێنانی حکومەتی ئەو وڵاتە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close