شكۆی كوردستان-
عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە هەولێر ل ەدایکبووە و گەلێک کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی کردووە.
مامۆستا گەردی جیا لەوەی کوردیزانێکی بێ وێنە بووە و زمانەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خوار و هەورامیشی زانیوە، چوار زمانیشی زانیووە.
خوالێخۆشبوو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردبوو، هەروەها زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیشی بەباشی زانیووە.
ئەو لە ژیانیدا هاوسەرگیری نەکردوە و بە گوێرەی قسەی نزیکەکانی هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ نووسین و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی و یەکەم بەرهەمیشی بە ناوی ڕەوانبێژی لە نێوان ساڵەکانی 1968 بۆ 69 بڵاو کردۆتەوە.
مامۆستا گەردی دوو دکتۆرای لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەبووە و نزیکەی130 بەرهەمی چاپکراو و حەفتا بەرهەمی چاپ نەکراوی هەیە.
ناوبراو لە نێو خەڵکدا بە کەسێکی گۆشەگیر ناسرابوو کە حەزی لە سەرنج پێدان نەبووە، بە شێوەیەک کە چەند جارێک داواکارییەکانی بۆ ڕێزلێنان ڕەتکردوەتەوە و لە وەڵامدا گوتوێتی من تەنیا بۆ دڵی خۆم و بەبێ بەرامبەر و چاوەڕوانی خزمەتی ئەدەب و زمانی کوردیم کردووە.
وەرگێڕانی بە ناوبانگی داغستانی من لە نوسینی ڕەسوڵ حەمزەتۆڤ یەکێک لە شاکارە وەرگێڕانەکانی عەزیز گەردیە کە لە ساڵی 1979 بڵاوکرایەوە و لەو ڕێگایەوە خوێنەرانی کوردی بەو نوسەر و شاعیرەی یەکێتی سۆڤیەت ناساند.
ئەدەب و ڕەخنە، سەروا، ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ، ئەدەبی بێگانە، پیاوێک، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی و گەلێک بەرهەمی دیکە لە نووسینی نووسەری بە توانای کورد، دکتۆر عەزیز گەردیە.
دکتور عەزیز گەردی ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ناجێگیربوونی ڕەوشی تەندروستیەوە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بووە و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 6-6-2022 لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە تەمەنی75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.