کوردستانی

دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك بڕیارێكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ندامانی پێشووی ئه‌نجومه‌ن ده‌ركرد

شكۆی كوردستان-

دادگای تاوانەکانی کەرکووک بڕیاری لە بەرژەوەندیی شەش ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەرکرد، کە پێنجیان ئەندامی لیستی برایەتی بوون و لە لایەن داواکاری گشتییەوە بە تۆمەتی گەندەڵی درابوونە دادگە و سزادرابوون، یەکێک لەو ئەندامانەی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: “ئێمە لەکەدار کراین و داوای گەڕاندنەوەی شکۆی خۆمان دەکەین”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-06-2022، دادگەی تاوانەکانی کەرکووک بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە، کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئاراستەی ئەو شەش ئەندامەی پێشوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پشتبەستن بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی کرابوو.

رۆژی چوارشەممە، 15-6-2022، گەلاوێژ جەباری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی تاوانەکانی کەرکووکەوە رایگه‌یاند، “پێشتر داواکاری گشتی بە تۆمەتی نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلی دەوڵەت، سکاڵای لەسەر تۆمارکردبووین، بەڵام دوای ئەوەی دادگە بانگی کردین و بە بەڵگە سەلماندمان کە ئۆتۆمبێلەکانمان گەڕاندووەتەوە و دیار بوو کێشەکە لە بەشی یاسایی پارێزگای کەرکووکە و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی لە گەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکان ئاگادار نەکردبووەوە.”

گەلاوێژ جەباری وتیشی: “ئێمەش بەنیازین سکاڵا تۆماربکەین بەتایبەت لەسەر بەشی یاسایی پارێزگا، چونکە کەمتەرخەم بوون و ناوبانگمان بەهۆی ئەوانەوە لەکەدارکراوە و داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ خۆمان دەکەین.”

ئەو شەش ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە سزادرابوون پێکهاتبوون لە؛ گەلاوێژ جەباری، جەمال باپیر، ئیبراهیم خەلیل، سویتلین ئەستیفان یوسف حەنا، محەممەد خزر و مەعن محەممەد.

ماددەی 340ـی یاسای سزادانی عێراقی سزای حەوت ساڵ و کەمتری دیاریکردووە بۆ هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردرابێت و بە ئەنقەست زیانی بە ماڵی گشتی یان بەرژەوەندیی ئەو لایەنە گەیاندبێت کە کاری تێدا دەکات.

رۆژی 2ـى حوزیرانى 2022، دادگەى تاوانەکانى کەرکووک بە پشتبەستن بە ماددەی 316ـی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دا بە سزادانى هەریەک لە عیرفان کەرکووکى، پەروین محەممەد، ریاز محەممەد و ئەدوەر ئۆراهام ئەندامانى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنی برایەتى بە بەندکردن بۆ ماوەى 15 ساڵ، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکەکانیان.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close