شكۆی كوردستان-
پەرلەمانتارێکى کورد لەپەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەتی هەرێم شاندێک بۆ بەغدا بنێرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەرکردنى یاسای نەوتو گاز، ئەگەرناهێرشی سوپای عێراق چاوهڕوانكراوه و ههرێم زهرهرێكی گهوره دهكات.
کەریم شکور ئەندامی لیژنەى ئاسایشو بەرگری لەپەرلەمانى عێراق لەبارەى ئەگەری هێرشی سوپاو هێزە ئەمنییەکانى عێراق بۆسەر کێڵگەو بیرە نەوتییەکانى هەرێم ڕایگەیاند، “ئەوە شتێکى چاوەڕوانکراوە، ئێمە دەبێت بەدەم داواکارییو بڕیارەکانى دادگای فیدراڵییەوە بچین، ئەگەر نەچین زەرەری گەورە دەکەین، چونکە هێواش هێواش شتەکان لەسەر هەرێم توند دەکەنەوە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، “بەغدا هەر بەو بڕیارو یاسایانەى دەریدەکەن کێشەی گەورە بۆ هەرێم دروستدەکەن، بۆیە باشترە حکومەتى هەرێم زوو فریا بکەوێت بۆ ئەوەى وەفدێک بنێرێتە بەغدا تاوهكو ڕێکبکەوێت لەسەر دەرچواندنى یاسای نەوتو غاز بۆ ئەوەى کێشەکان لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت”.
ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق باس لەوەدەکات، “دەبێت کورد بەشداربێت لەدەرکردنى یاسای نەوتو غاز لەپەرلەمانى عێراقو پێویستە هەرێم لەگەڵ حکومەتى فیدراڵی دانیشێت ئەو یاسایە دەربکەن بۆ ئەوەى لەو کێشانە ڕزگاربین”.
کەریم شکور دەشڵێت:”بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی تانەی لێنادرێت، بۆیە ڕۆژێک دێت هەموو بڕیارەکان بەسەر هەرێمدا دەچسپێنن بەجۆرێک کە باری حکومەتى هەرێم وا قورس دەکەن کە هاتا هەتایە نەوەکانى ئێمەش لەژێر باری دەرنەچن”.
سەبارەت بەجێبەجێکردنى دادگای فیدراڵی ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێیوایە، حکومەتى عێراق پێویستى بەگرتنەبەری ڕێکاری سەربازی نییە دژی هەرێم، بەڵکو بڕیارەکانی دادگا جێبەجێدەکات، دەشڵێت:”بۆ نمونە حکومەتى فیدراڵی دێت 200 ملیارەکە دەبڕێت یان بەدەوڵەتانى دەوروبەر دەڵێت گرێبەستەکانتان لەگەڵ هەرێم هەڵوەشێننەوە، چونکە نادەستورییەو مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان ناکەن”.
هەروەها باس لەوەشدەکات، کۆمپانیای نیشتیمانى نەوتى عێراق چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەو کۆمپانیایانەى ئاگادارکردوەتەوە کە لەگەڵ هەرێم گرێبەستیان هەیەو دەڵێت، دەبێت کارەکانیان ڕابگرنو نابێت لەکارەکانیان بەردەوامبن، بەمەش دەیانەوێت “بەڕەکە لەژێر پێی کورد دەربهێنن”.
