کوردستانی

به‌رپرسێكی هه‌رێم: په‌یوه‌ندی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌

شكۆی كوردستان-

بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری شاباکی ئیسرائیل ورده‌كاریی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ئاشكراده‌كات، به‌رپرسێكى هه‌رێمى كوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “لەهەرێمی کوردستان پەیوەندیی زۆرباشمان لەگەڵ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلدا هەیە”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرانۆت”ی ئیسرائیلی، هەرچەندە پەڕلەمانی عێراق بەیاسا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی جولەکەدا بەتاوان ناساندووە، به‌ڵام کوردانى هه‌رێمى كوردستان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەیە.

ڕۆژنامە عیبرییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا لێدوانی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی گواستۆتەوە کە داوایکردووە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت، وتویەتی:”ئەو یاسایەی پەڕلەمانی عێراق بۆ بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەرچووە، گوزارشت لەهەموو دانیشتووانی عێراق ناکات، لەبەرئەوەی کوردەکان وەک هاوپەیمان سەیری ئیسرائیل دەکەن‌و ڕێز لەپەیوەندییە مێژوییه‌کەی نێوانیان دەگرن”.

هەروەک ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەلێدوانی شرۆڤەکارێکی سیاسیی کورد کردووە کە لەبارەی پەیوەندییەکانی کوردو ئیسرائیله‌وه‌ وتویەتی، “یاسای بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، نوێنەرایەتیی تێڕوانینی هەموو کۆمەڵگەی عێراق ناکات”.

باسی لەوەشکردووە، ئەوەی پشتڕاستە ئەوەیە، کوردانی عێراق لەگەڵ دەرکردنی وەها یاسایەکدا نەبوون.

لای خۆیشییەوە کاڵێ کەریم خانمە شرۆڤەکاری کورد بەڕۆژنامەکەی وتووە، “یاساکە لەلایەن زۆرینەی گەلی عێراقەوە پشتیوانیدەکرێت، بەوپێیەی لەسەدا 69ی دانیشتووانی عێراق موسڵمانی شیعەن‌و دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق‌و ئیسرائیلن، جگەلەوەی زۆرینەی عەرەبی سوننەش بەو ئاساییکردنەوەیە ڕازیی نین”.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەدیعۆت ئەحرانۆتی وتووه‌، “لەهەرێمی کوردستان پەیوەندیی زۆرباشمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە”.

وتوشیەتی:”هه‌رێمى كوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی‌و دوورودرێژیی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەیەو ئەو یاسایەی لەپەڕلەمانی عێراق دەرچووە، هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت”.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئەلیعاز تسافیری بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری شاباکی ئیسرائیل بەڕۆژنامەکەی وتووە، “لەنێوان ساڵانی 1965 تاوەکو ساڵی 1975 مۆساد لەکوردستانی عێراق زۆر چالاک بوو، لەڕێگای پێدانی چەک‌و تەقەمەنی‌و ڕاهێنانی ئەفسەرو فەرماندە سەربازییەکانیان لەدژی سوپای عێراق هاوکاریمان دەکردن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close