نێودەوڵەتیکوردستانی

به‌فر ڕێگه‌ی هاتوچۆی نێوان 9 شاری باكوری كوردستان ده‌گرێت

شكۆی كوردستان-

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە رێگەی ژمارەیەک پارێزگا داخراون و زۆرترین رێژەی بەفربارینیش لە پارێزگای مووش بووە.

رۆژی هەینیی رابردوو 24-12-2021 لە سنووری پارێزگاکانی موش، وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، شرناخ، خارپێت، چەولیگ، ئێلیهـ و سێواز ـی باکووری کوردستان شەپۆلێکی بەفربارین دەستیپێکرد، بەفر رێگەی 791 گوند و مەزرای داخستووە، تیمەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەوبانەکان بەڕووی خەڵکدا.

لە پارێزگای موش، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 349 گوند داخراوە، بە درێژایی دوو هەزار و 341 کیلۆمەتر رێگەکانی هاتووچۆ داخراون. توێژێکی ئەستووری بەفر سەربانی ماڵەکانی داپۆشیوە و هاتووچۆ بە تەواوەتی وەستاوە، لەو پارێزگایەدا هاونیشتمانییان زستانێكی سەخت بەڕێدەکەن، چونکە ساڵانە پێنج بۆ شەش مانگ بەفر لەسەر زەوی دەمێنێتەوە.

شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی کارگێڕی پارێزگای موش رایگه‌یاند، “زستانێكی سەخت بەڕێدەکەین، لە ناوچەکەماندا مەتر و نیوێک بۆ دوو مەتر بەفر دەبارێت، بەو هۆیەوە هەلومەرجی ژیانمان زۆر سەختە، وەکو دەیبینن ماڵەکانمان لە ژێر بەفردا ون بوون، حکومەت بەردەوام کار بۆ کردنەوەی رێگەوبانەکان دەکات بەڵام بارینی بەفر بەردەوامە. ئەمساڵ زووتر و زۆرتر بەفر باریووە، ئەگەر تاوەکو بەهار بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەگاتە سێ مەتر.”

لە ناوەندی شاری وان، تیمەکانی سەر بە شارەوانیی شارەکە لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانیدا بەردەوام لە جوڵەدان بۆ راماڵینی بەفر و چارەسەرکردنی کێشەکانی هاتووچۆ.

لە پارێزگای بەدلیس ـیش هەوڵی تیمەکان بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان بەردەوامن، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی رێگەوبانی پارێزگاکە داوا لە خەڵک دەکات، لەبارەی داخرانی رێگەوباندا زانیاری هەڵەیان پێ نەدەن.

ئومێد کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری رێگەوبانی پارێزگای موش وتی، “ئێستا 10 تیم بە 50 ئامێری کار و 75 کارمەندەوە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەین، رێگەی 349 گوند و 293 مەزار لە ناوچەکەماندا داخراون، کۆی گشتیی دوو هەزار و 341 کیلۆمەتری رێگاکان داخراون، تاوەکو ئێستا بە درێژایی دوو هەزار و 618 کیلۆمتر بەفرمان راماڵیوە، رێگەی 43 گوندیشمان هێشتا داخراون.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close