شكۆی كوردستان-
هه‌ریه‌ك له ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆكی روسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی شه‌وی رابردو گه‌یشتنه تاران و بڕیاره به‌شداری له‌كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سێ قۆڵی روسیا، ئێران و توركیا بكه‌ن.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی میهر ئابادی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه گه‌یشته تارانی پایته‌خت و له‌لایه‌ن جه‌واد ئۆجی وه‌زیری نه‌وت و ڕه‌زا ناگیپور به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پرۆتۆكۆڵه‌كان له نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئێران، محه‌ممه‌د فرازمان باڵوێزی ئێران له ئه‌نقه‌ره، دێریا ئورس باڵوێزی توركیا له تاران پێشوازی لێكرا.
ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كانی یاوه‌ری ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن
له‌و سه‌ردانه‌دا هه‌ریه‌ك له مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه، خڵوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری، سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیری ناوخۆ، نوره‌دین نه‌باتی وه‌زیری خه‌زێنه و دارایی، فاتح دۆنماز وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، محه‌مه‌د موش وه‌زیری بازرگانی، مسته‌فا ورانك وه‌زیری پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆجیا، فه‌خره‌دین ئاڵتون به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆك كۆمار یاوه‌ری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ده‌كه‌ن.
ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆكی توركیا به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای وڵاته‌كه‌ی گه‌یشته تارانی پایته‌خت
هه‌ر شه‌وی رابردوش، ڤلادیمیر پوتن سه‌رۆكی توركیا به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای وڵاته‌كه‌ی گه‌یشته تارانی پایته‌خت و بڕیاریشه ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی نێوان روسیا و ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌بچێت، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌شدا باس له كۆمه‌ڵێك بابه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌رسێ وڵات ده‌كرێت كه گرنگترینیان دۆسیه‌ی سوریا و كاردانه‌وه‌ی قه‌یرانی ئۆكرانیایه.
لای خۆیه‌وه حوسێن ئه‌میر عهبدولههیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌و لوتكه‌ی سێ قۆڵییه‌ی كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له تارانی پایته‌خت له نێوان ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران و ڤلادیمیر پوتن هاوتا روسییه‌كه‌ی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تیشكده‌خرێته سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژیه‌كانی سوریا.