کوردستانی

بافڵ تاڵه‌بانی: ماڵی مام له‌به‌غدا پێشوازی له‌هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی عێراق

شكۆی كوردستان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق دەکات و داواش دەکات هەموان پێکەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری کار بکەن، بەجۆرێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەن بە بنەما بۆ چارەسەری کێشەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ دەربازکردنی عێراق لەو دۆخەی تێیکەوتوە.

دەبێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەین بە بنەمای کارکردن و چارەسەری کێشەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی عیراق دەکات و ئەرکی هەموانە بە رۆحێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن، بۆیە دەبێت هەموان پێکەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری کار بکەن، بەجۆرێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەن بە بنەمای کارکردن و چارەسەری کێشەکان. بۆ ئەوەی “پێکەوە داهاتویەکی ئارام بۆ هاوڵاتییان بونیاد بنێین و ئامانجە باڵاکانمان بەدی بهێنین.”

ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان ماڵی هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکانە

ئەوەشی خستوەتەڕو، ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان ماڵی هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکانە و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی عێراق لەو دۆخەی تێیکەوتوە.

هاوڵاتییانمان قوربانیی زۆریان داوە و ئەرکی هەمولایەکمانە خزمەتیان بکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا داواش لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرژەوەندی گەل و وڵات بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتەکان و هەوڵەکانیان لەپێناو داهاتویەکی گەشتردا بێت، چونکە “هاوڵاتییانمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان قوربانیی زۆریان داوە و ئەرکی هەمولایەکمانە خزمەتیان بکەین.”

هەمو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی کۆببنەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی دوشەممە 1ی ئابى 2022، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەرەو تۆمەتبەخشینەوە و دروستکردنی دوژمنکاری و رق لەنێوان عێراقییەکان هەنگاو نەنێن و “هەمو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی کۆببنەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close