کوردستانی

له‌هه‌ولێر كه‌سێك ده‌ستگیركرا كه‌ به‌زه‌بری چه‌ك دزی كردووه‌

شكۆی كوردستان-

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردوە کە هەستاوە بە دزینی  19 ماتۆڕسکیلی کاسبکاران بە زەبری چەک ودەشڵێت،” تۆمەتبارەکە چەکی بێمۆڵەتی هەبوە  و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریش بوە”.

 لە هەوڵەکانمان بەردەوام بوین بۆ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرابکەین

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،”لەماوەی رابردودا، چەند گرتە ڤیدیۆییەک، لە چەند پەیجێک و کەناڵێكی راگەیاندن بڵاوبوەوە، کە تێیدا کەسێک بە زەبری چەک ماتۆڕسکیل لە کەسی کاسپکار دەدزێت، لەکاتی بینینی گرتەکەوە، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بوین بۆ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرابکەین و شوێنی حەوانەوەی بدۆزینەوە کە دیار نەبو”.

بەرەنگاریان بۆوە و کارمەندێکی ئێمەش بریندارکردبو

ئاماژەی بەوەشکرد،”دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان ئەو شوێنەی کە تۆمەتبارەکەی تێدابو دیاری بکەین، دواتر پێویست بو تیمێک دروستبکەین بۆ دەستگیرکردنی، چونکە تۆمەتبارەکە چەکی بەکاردەهێنا، بۆیە هەر وەک ئەوەی پێشبینیمان کردبو، لەکاتی دەرچونی تیمەکە بۆ دەستگیرکردنی، بەرەنگاریان بۆوە و کارمەندێکی ئێمەش بریندارکردبو، بەڵام هەر توانیمان دەستگیری بکەین و دەست بەسەر چەکەکەیدا بگیرێت”.

دانی بە حەوت تاوانی دزیدا ناوە

ئاشکراشیکرد،”تیمێکی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەیان لە تاوانبارەکە کردوە، دانی بە حەوت تاوانی دزیدا ناوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە زیاتر لە 19 تاوانی دزیکردنی بە زەبری چەک ئەنجامداوە، ئەمانەی دەیڵێین سەرجەمیان بە گرتەی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە،”
باسی لەوەشکرد،”تۆمەتبارەکە، تەمەنی 30 ساڵە، خەڵکی هەولێرە و هەر دانیشتوی ئەو شارەشە، جگە لەو تاوانە، بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریش بوە، پەڕاوی بۆ کراوەتەوە  ورێکارە یاساییەکانمان بەرامبەری بەردەوامن”.

دو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە دەچنە بەردەم ماڵەکەی و جانتاکەی دەبەن و دەڕۆن

لەلایەکی دیکەوە، هۆگر عەزیز، سەبارەت بە دەستگیرکردنی دو تۆمەتباری دیکە وتی،”ماوەیەک بەر لە ئێستا ئافرەتێک کە خەڵکی بەغدا بو و دانیشتوی شاری هەولێر بو و پیشەی پزیشکە، دەیەوێت گەشت بکات، جانتاکەی لەبەردەرگای ماڵەکەی دادەنێت، دو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە دەچنە بەردەم ماڵەکەی و جانتاکەی دەبەن و دەڕۆن، دوای ئەوەی ئافرەتەکە هاتە لای ئێمە و داوای یاسایی تۆمارکرد، توانیمان ئەو دو تۆمەتبارە دەستگیربکەین و دانیان بەوەدانا کە جانتاکە بڕی(10 هەزار) دۆلاری ئەمریکی تێدابوە و لەبەر ئەو هۆکارەش دزیویانە”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close