نێودەوڵەتی

عێراق داوای ده‌رچوونی سوپای توركیا له‌ناو خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات

شكۆی كوردستان-

لە میانەی کۆبونەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ناوچەی پەرەخ لە پارێزگای دهۆک کە کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان تورکیای پێی تۆمەتبار دەکەن، وەزیری دەرەوەی عێراق داواکارییەکانی وڵاتەکەی خستە ڕوو.

دکتۆر فوئاد حسێن لە وتارەکەیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش داواکارییەکانی عێڕاقی لە چەند خاڵێکدا خستە ڕوو و گوتی پێویستە بڕیارێک دەربکرێت کە ” تورکیا ناچار بکات بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە تەواوی خاکی عێڕاق، چونکە ئەو هێزانە بە شێوەیەکی ناشەرعی لە عێڕاقدان و بەبێ داوای حکومەتی عێراق لەوێن و هیچ ڕێککەوتنێکی لەشکری یان ئاسایشی لەم بارەیەوە نییە و بوونیان سەقامگیری ناوچەکە لاواز دەکات.”

ئەو وەزیرە کوردەی عێراق داواشی کرد “بە شێوەیەکی توند سەرکۆنەی ئەم دوژمنکارییە بکرێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارە قێزوەنەی کە خەڵکی مەدەنی تێدا کرایە ئامانج لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتیش ناودێر بکرێت.”

گرنگی پێکهێنانی تیمێکی نێودەڵەتی سەربەخۆشی بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەسەر ڕووداوەکە خستەڕوو و گوتی “چەنکە بۆ چەندان ساڵە تورکیا زەوی و ئاسمانی عێراق ئەبەزێنێت و بووەتە هۆی لێکەوتنەوەی قوربانی لە نێو خەڵکی سڤیلدا.”

داواشی کرد حکومەتی تورکیا ناچار بکرێت قەرەبووی زیانەکانی خەڵکی سیڤل لەو ناوچەیە بکاتەوە. گوتیشی ” هەروەها قەرەبووی ئەو زیانانەش بکاتەوە کە لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەی تورکیا کارە بازرگانی و گەشتیارییەکان ڕاگیرابوون.” ئامادەیی عێراقیشی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار “بۆ دەرکردنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر خاکی عێراق. چونکە بوونیان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە عێراقدا.”

نوێنەری حکومەتی تورکیا ئۆنجو کێچیلی لە دانیشتنەکەدا پاش ئەوەی سەرەخۆشی لە وەزیری دەرەوەی عێراق و خەڵکی عێراق کرد جارێکی تر نکوڵی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەستی هەبووبێت لەو تۆپبارانەدا. و گوتیشی “عێراق خۆی توانای نییە باری ئاسایسی ڕابگرێت و هەر ئێستا هەواڵمان پێگەیشت کۆنسۆڵخانەی تورکیا لە موسڵ هێرشی کراوەتە سەر”.

بەڵام وەزیری دەرەوەی عێراق لە دەمی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕە جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئەو چەکەی کە لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە هی یەکەیەکی سەربازی تورکیایە و گوتیشی كه‌ عێراق كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات و رایگه‌یاند كه‌ “پێشێلكردنی ئاسایشی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی توركیا مایەی قبوڵکردن نییە”‌.
لە تۆپبارانێکی هەفتەی ڕابردووی هاوینە هەواری پەرەخ لە قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک 9 گەشتیار کوژران و بەلایەنی کەم 23 کەسی تریش بریندار بوون. تەواوی قوربانییەکان خەڵکی سڤیل بوون.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close