کوردستانی

وه‌زاره‌تی ناوخۆ: ده‌بێت چه‌كی جه‌نگی له‌ده‌ستی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدابێت

شكۆی كوردستان-

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چەك دەکات و دەڵێت، دوای دەرچوونی یاسای چەك کە یاسای ژمارەی دووی ساڵی 2022ـە، دوو رێنمایی بۆ ئەو یاسایە دەرکراون و بە زمانی کوردین و پێویستە هاووڵاتییان بیخوێننەوە بۆ ئەوەی ئاگادار بن پێش ئەوەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە کاتێک چەکی بێ مۆڵەتیان هەبێ.

د. هێمن میرانی، ئاماژە بەوەش دەکات چەکی جەنگی دەبێت لە دەست دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێت نەوەك هاووڵاتییان، ئەوەی چەکی جەنگیشی هەبێت، دەبێت رادەستی حکومەتی بکات، ئاشکراشی دەکات چەند لیژنەیەک پێکدەهێنرێن کە پێکهاتەکانیان تەواوبووە و بریتین لە 12 لیژنە بۆ داماڵینی چەکی جەنگی و 40 لیژنە بۆ تۆمارکردنی چەکی ئاگرین هەروەها لیژنەیەکی باڵاش سەرپەرشتی ئەو لیژنانە دەکات بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ.

سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی چەک، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەینێت، ڕێنمایی نوێ دەرچووە، ڕێنمایی ژمارەی ٥ وردەکاریی وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری چەک واتە هەبوونی چەک لەماڵەوە لەو ڕێنماییە بە وردی باس کراوە، پرۆسەکە بەو شێوەیە ئاسان نییە، چونکە زۆر خەڵک مۆڵەتی وەرگرتنی چەک پێشکەش دەکات، بەڵام مەرج نییە هەمووی پێی بدرێت. دەبێت ڕوونکردنەوە بدرێ بە چ هۆکارێک داوای مۆڵەتی چەک دەکات و کەسەکە لەڕووی ئاسایش و ئەمنی و تەندروستی و دەروونییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، ئەمانە هەمووی پێویستییان بەڕاپۆرتی تایبەت هەیە، ڕاپۆرتەکە پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار ئینجا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەت هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

د. هێمن میرانی جەختیش دەکاتەوە به‌ فه‌رمانی سەرۆکی حکومەت، هەموو شوێنەکانی مامەڵەکردن بە چەك داخراون بە فەرمی و نافەرمییەکان، واتا مۆڵەتدار و بێ مۆڵەتەکان، چونکە بە گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 2 و ئه‌و ڕێنماییه‌ی، ده‌رچووه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت خۆی شوێن دابین بكات و شوێنێكی مۆدێرن و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دابین ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار كڕین و فرۆشتن و چاككردنه‌وه‌ی چه‌كی تێدا بكرێت، و لیژنه‌ی تایبه‌ت دیراسه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاری بكرێت.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close