کوردستانی

ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی پارته‌ سیاسییه‌كان

شكۆی كوردستان-

كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كان به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆتاییهات و بڕیاردرا سه‌ره‌تای مانگی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵ دوایین كۆبونه‌وه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بونی جینین پلاسخارت نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق، كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چو.

دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی خاتو پلاسخارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی بانگهێشتی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و هیوای خواست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنێك بۆ دیاریكردنی كاتی هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و جه‌ختی له‌ گرنگیی هه‌ڵبژاردن بۆ  هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و وتی، “دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت”.

ده‌بێت به‌ زوترینكات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، چونكه‌ زۆر كات له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌

لای خۆیه‌وه‌، پلاسخارت وته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی گرنگیی گه‌یشتنی لایه‌نه‌كان به‌ لێكگه‌یشتنێك له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی كاتی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ و هه‌مو پشتگیرییه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، “ده‌بێت به‌ زوترینكات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، چونكه‌ زۆر كات له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌”.

لایه‌نه‌كان سوپاسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

پاش ئه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌ید قادر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕاپۆرتی لیژنه‌ی ڕاسپێردراوی سه‌رۆكایه‌تی بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش كرد، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ڕا و بۆچونیان له‌مباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕو و سوپاسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆكانیان به‌ ئه‌رێنی له‌ قه‌ڵه‌مدا.

بڕیاردرا سه‌ره‌تای ئه‌یلولی داهاتو دوایین كۆبونه‌وه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت

له‌ كۆتاییدا بڕیاردرا سه‌ره‌تای ئه‌یلولی داهاتو دوایین كۆبونه‌وه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، تا ئه‌وساش سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌ هاوكاریی تیمی پسپۆڕی یونامی له گفتوگۆ و ئاماده‌كاری به‌رده‌وام ده‌بن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close