کوردستانی

له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی بالیسان هه‌په‌گه‌ داوای روونكردنه‌وه‌ له‌پارتی ده‌كات

شكۆی كوردستان-

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە هێرشەکەی رۆژی 5ی ئەم مانگە بۆ سەر گەریلاکانیان لە دۆڵی بالیسان کە بەهۆیەوە سێ گەریلا گیانیان لەدەستدا و دو گەریلاش بەبرینداری لەلایەن هێزەکانی “پارتییەوە” هه‌ڵگیراونەتەوە و چارەنوسیان نادیارە، بۆیە لەسەر ئەو روداوە داوا دەکەن پارتی دیموکراتی کوردستان رونکردنەوە بدات.

به‌پێی زانیارییه‌كانمان له‌و هێرشه‌دا 3 هه‌ڤاڵمان گیانیان لەدەستداوە

ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی هه‌په‌گه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، “5ی ئه‌یلول له‌ ئێواره‌دا تیمێكی گه‌ریلاكان كه‌ له‌ 5 كه‌س پێكاتبو كاتێك له‌ ده‌وروبه‌ری گوندی تاراوای دۆڵی بالیسان ده‌چون بۆ هه‌رێمی دیكه‌، روبه‌ڕوی هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بونه‌وه‌. له‌و تیمه‌دا هه‌ڤاڵانمان ره‌مه‌زان بۆتان، ئارمانج زیلان، كارۆ كۆبانێ، ئاشیكار جۆله‌مێرگ و زانیار تاڤێ به‌شداربون. به‌پێی زانیارییه‌كانمان له‌و هێرشه‌دا 3 هه‌ڤاڵمان گیانیان لەدەستداوە 2 هه‌ڤاڵیشمان برینداربون.”

هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌یان كردوه‌

ئەوەش هاتوە، “زانرا كه‌ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ ده‌ستوه‌ردانی شوێنی روداوه‌كه‌یان كردوه‌ و هه‌ڤاڵانی برینداری ئێمه‌یان هه‌ڵگرتوه‌ته‌وه‌ و بردویانن. تائێستا ئێمه‌ نازانین كه‌ له‌و گروپه‌ كام له‌ هه‌ڤاڵانمان شه‌هیدبون و كامیان بریندارن.”

هاوڕێیانمان به‌ سیستمێكی هه‌واڵگری  و به‌ رێكخراوی خراونه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باوەڕی وایە گەریلاکانیان لەو ناوچەیە لەرێگەی هه‌واڵگرییەوە کراونەتە ئامانج و لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، “ئاشكرایه‌ كه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا كه‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ گه‌رم نییه‌، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كتوپڕ هات و به‌ شه‌و كاتێك كه‌ له‌ گروپێك به‌ ده‌شتاییدا به‌ پێ ده‌ڕۆیشتن ده‌ستنیشان كراون و لێیاندراوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ هاوڕێیانمان به‌ سیستمێكی هه‌واڵگری  و به‌ رێكخراوی خراونه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌. هه‌روه‌ها كاتێك كه‌ هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ هاتنه‌ هه‌رێمه‌كه‌ و بیستنی ده‌نگی چه‌ك له‌لایه‌ن دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ دۆخێكی جێگه‌ی سه‌رنجه‌.”

 زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی برینداریشمانه‌وه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌ی چۆنێتی رودانی روداوه‌كه‌دا گرنگە

ئەوەشی خستوەتەڕو، “ئەوەش روداوێكه‌ كه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێت و رونبكرێته‌وه‌. له‌م خاڵه‌دا زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵانی برینداریشمانه‌وه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌ی چۆنێتی رودانی روداوه‌كه‌دا جێگه‌ی گرنگی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هیوادارین كه‌ هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، له‌ نزیكترین كاتدا راده‌ستمان بكرێنه‌وه‌”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close