شكۆی كوردستان-
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەکاتێکدا حکومەت فشار دەکات بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پابەندییە داراییەکانیان بۆی بگەڕێننەوە کە نزیکەی ملیارێک دۆلارە، بەڵام حکومەت خۆی 10 ملیار دۆلار قەرزداری هاوڵاتیانە و ئامادە نەبوە پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە باوەڕی وایە یان نابێت داوا لە هاوڵاتییان بکرێت پابەندییە داراییەکان بگێڕنەوە، یان دەبێت سەرەتا پاشکەوتی موچە بگێڕدرێتەوە بۆ موچە خۆران.
حکومەتی هەرێم پێنج جۆر پابەندی دارایی هەیە بەرامبەر هاوڵاتیان
کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی بەدواداچونێکی لەبارەی قەرزەکانی هاوڵاتیان لەسەر حکومەت و بەپێچەوانەشەوە بڵاوکردوەتەوە و لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەتی هەرێم پێنج جۆر پابەندی دارایی هەیە بەرامبەر هاوڵاتیان لەوانەش موچەی پاشەکەوتکراوی هاوڵاتییان کە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، لەگەڵ قەرزی بەڵێندەران و چەند جۆرێک دیکەی پابەندی دارایی.
حکومەت ئامادە نەبوە پارەی پاشەکەوتکراو و لێبڕینی موچە بگێڕێتەوە بۆ موچە خۆران
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە بەرامبەریشدا هاوڵاتیان نزیکەی ملیارێک دۆلار قەرزداری حکومەتن، لەئێستاشدا “حکومەتی هەرێم پارە لە هاوڵاتییان وەردەگرێتەوە بەشێوەیەکی پابەندی، بەڵام ئامادە نەبوە پارەی پاشەکەوتکراو و لێبڕینی موچە بگێڕێتەوە بۆ موچە خۆران.”
دەقی بەدواداچونەکەی کاروان گەزنەیی:
لە ماوەکانی ڕابردو بە پڕۆژە یاسا داوامان کردوە کە دەبێت بڕی پاشەوکەوتی موچەی فەرمانبەران بە یاسا جێگیر بکرێت؛ هاوتەریب، پڕۆژەیەکمان پێشکەشکردوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران و موچەخۆران بتوانن، بەشێوەی خواست، بەشێک لە موچە پاشەکەوتکراوەکانییان بریەکبخەن، کە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنکراون:پابەندییە داراییەکانی حکومەتی هەرێم:
یەکەم: بڕی موچەی پاشەکەوتکراوی هاوڵاتییان لای حکومەتی هەرێم: (10،395،170،000) دە ملیار و سێ سەد و نۆوەد و پێنج ملیۆن و سەد و حەفتا هەزار دۆلار دینار.
دوەم: بەڵێندەران (بودجەی تەشغیلی): (247،535،000) پێنج سەد و چل و حەوت ملیۆن دۆلار
سێیەم: بەڵێندەران بودجەی وەبەرهێنان: (80،535،000) هەشتا ملیار دینار
چوارەم: چەند جۆرێک دیکەی پابەندی هەیە، کە لە کاتێکی دیکەدا ئاماژەیان پێدەکەین.
پێنجەم: لە بەرامبەردا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بڕی نزیکەی (1،000،000،000) یەک ملیار دۆلار پابەندی داراییان لەسەرە- بەشێکی ئەمە بۆ کارەبایە کە لە باشترین کاتدا ناگاتە (14) کاتژمێر. بەشەکەی دیکەی لە موچەی مانگانەی فەرمانبەران لێبڕینی لێدەکرێت! واتا حکومەتی هەرێم پارە لە هاوڵاتییان وەردەگرێتەوە بەشێوەیەکی پابەندی، بەڵام ئامادە نەبوە پارەی پاشەکەوتکراو و لێبڕینی موچە بگێڕێتەوە بۆ موچە خۆران.
لە کۆتایدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە داناوەی ئەم قەرزانە، و ئەمە مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بەپێچەوانەوە هەر قسەیەکی دیکە لەسەر ئەم بابەتە لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانە. کەواتە، حکومەت یان نابێت، چاوەڕوان بێت هیچ کەسێک پارەی ئاو، و کارەبا، و پابەندە داراییەکانی دیکە بگێڕێتەوە، یان دەبێت بێتە ژێرباری گێڕانەوە و بریەکخستنی موچە بە نایاسای لێبڕدراو و پاشکەوتکراوەکانی موچە خۆران.
