نێودەوڵەتی

ئەمریكا وەك یەكەم وڵات پێكوتەی كۆرۆنای بۆ دواین تاقیكردنەوە ئامادەكردوە

پسپۆڕانی تەندروستی ئەمریكا رایانگەیاند وەك یەكەم وڵات پێکوتەی دژ بە پەتای کۆرۆنا تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە بەرگری لەشی توشبووەکە بەهێز دەکات، لە ئێستادا پێکوتەکە ئامادە دەکرێت بۆ دوایین تاقیکردنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس، ئانتۆنی فاوچی راوێژكاری باڵای تەندروستی ئەمەریکا بۆ پسپۆڕ لە نەخۆشیە گواستراوەکان رایگەیاندوە ” هەرچۆنێک بیری لێبکەیتەوە ئەمە هەواڵێکی خۆشە.”

پێکوتەکە کە هاوەڵانی فاوچی لە سەنتەری تەندروستی نیشتیمانی پەرەیان پێداوە لە 27ی مانگی حەوتدا گرنگترین هەنگاوی خۆی دەنێت، 30,000 کەس توێژینەوە لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا ئەم پێکوتەیە ئەوەندە بەهێزە بتوانێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوژێت یاخود نا.

ڕۆژی سێشەممە توێژەران ئاماژەیان بەوەدا چاوەڕێی ئەنجامی تاقیکردنەوەی پێکوتەکە دەکەن کە لەسەر 45 خۆبەخش لە مانگی سێدا تاقیکراوەتەوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە پێکوتەکە بەرگری لەش بەهێز دەکات.

لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە پێکوتەکە بەرگرییەک لە لەشی کەسەکەدا دروست دەکات کە هاوشێوەی ئەو بەرگرییەیە کە کەسێکی توشبوو دوای چاکبوونەوە پەیدای کردووە.

دکتۆر لیزا جاکسن لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی کەیسەر پێرمانێنتێ واشنتن لە سیاتڵ کە سەرپەرشتی توێژینەوەکانی کردووە دەڵێت ” ئەمە بەردێکی بناغەیە کە پێویستە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین لە تاقیکردنەوەکاندا و یارمەتیدەر دەبێت لەوەی بزانین کە ئایا ئەم پێکوتەیە دژی ڤایرۆسەکە کاردەکات یاخود نا.”

حکومەتی ئەمەریکا هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەنجامی دوایین تاقیکردنەوەکانی دەست بکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گرەنتیەک نیە ئەوە ڕووبدات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close