کوردستانی

فه‌رمانده‌یه‌كی پۆلیس: داعشه‌كانی ده‌روروبه‌ری كه‌ركوك كه‌سی بیانییان تێدا نه‌ماوه‌

شكۆی كوردستان-

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، هیلاک و ماندوون، چەکداری بێگانەیان کەم تێدا ماوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە داعش هیچ مەترسییەکی بۆ سەر شاری کەرکوک نییە.

لەلێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمەریکا، لیوا کاوە غەریب فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک، دەڵێت”داعش لاواز بووە و مەترسی نەماوە، گەر شەوانەش هەندێ هێرش بکەن و پۆلیس یان سەربازێک شەهید بکەن، ئەمە باڵانسی هێز ناگۆڕێت، گەر داعش وەکو جارانیش بەهێز بێت، هێندە هێز لە ناوچەکەدا بڵاوەی پێکراوە، ناتوانن مەترسی دروست بکەن.”

لیوا کاوە غەریب ڕوونیشیکردەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، پلانی ڕۆژانە و شەوانەی هەیە، لە ناو شاری کەرکوکیش، هێزەکانی پۆلیس بەردەوام لە ئەرکدان و ڕێگە بە جوڵەی هیچ خەڵکێکی خراپەکار و تەنانەت پەیوەندیدار بە داعشیش نادەن.

دەربارەی ناسنامەی چەکدارەکانی داعش لە دەوروبەری کەرکوک، لیوا کاوە وتی”داعش خەڵکی بێگانەیان تیا نەماوە، چەکدارەکان خەڵکی دەوروبەری شارەکانی کەرکوکن و ژمارەیان هێندە کەمە، ناتوانن باڵانسی هێز بگۆڕن.”

فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی داعش هێندە ماندووبوون بەدەست پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە، ڕەنگە نەتوانن لە جێگەیەکدا بحەسێنەوە و سەرخەوێک بشکێنن.

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا کاوە غەریب فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک وتی”داعش ناتوانێت وەکو هێز لە چیای قەرەچوغەوە بەرەو دیالە و بە چەکی قورسەوە هاتووچۆ بکات، بەڵام وەکو پیادەڕەوی، خەڵکی ئاسایش دەتوانێت هاتووچۆ بکات، چونکە ناوچەکە فراوانە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close