نێودەوڵەتیکوردستانی

په‌كه‌كه‌ و توركیا رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌وه‌

شكۆی كوردستان-

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان شەڕ و پێکدادان لە نێوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویدا، پارێزگای وانیش دەڵێت، لە شەڕەکەدا جەندرمەیەکی تورکیا کوژراوە.

  بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای وان کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 14ی تشرینی یەکەمی 2022 لە هەژماری پارێزگا لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری شارۆچکەی شاخی سەر بە پارێزگای وان شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە هێزێکی سەربە فەرماندەیی جەندرمە روویداوە و لە شەڕەکەدا سەربازێک بەناوی کورشات سەرت کوژراوە. 

 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە “ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” دادەڕێژێت و بەئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات. دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی زستانە بەناوی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرەن، کە 34 قۆناخ بوو، زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی بەهار و هاوینە، دژ بە گەریلاکانی پەکەکە دەستیپێکرد.  رۆژی 17ی نیسانی 2022 قۆناخی یەکەمی زنجیرە ئۆپەراسیۆنی بەهار و هاوینە بەناوی ئابڵوقە 1، لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستیپێکرد.  

دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو.  لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا شەش زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی “شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە” لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان دەستپێکردووە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close