شكۆی كوردستان-
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه داوای وڵاتانی جیهان كرد، رێگاكانی دانوستان له‌گه‌ڵ ڕوسیا دانه‌خه‌ن، به‌مه‌به‌ستی راگرتنی گرژی و ئاڵۆزیه‌كان له ئۆكرانیا و راشیگه‌یاند، “ئێمه ئاماده‌ین هه‌ركاتێك پێویست بێت سزا ئابوریه‌كان له‌سه‌ر روسیا زیاد بكه‌ین”.
ئیمانوێل ماكرۆن له‌وتارێكدا له كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی G7 و هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی “ناتۆ” له برۆكسل رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام ده‌بن له دابینكردنی چه‌كی به‌رگریكار و كوشنده بۆ ئۆكرانیا و سه‌ره‌ڕای هاوكاری و یارمه‌تیه مرۆییه‌كانیان.
ئێمه ئاماده‌ین هه‌ركاتێك پێویست بێت سزا ئابوریه‌كان له‌سه‌ر روسیا زیاد بكه‌ین
سه‌رۆكی فڕه‌نسا ته‌ئكیدیكرده‌وه، به‌منزیكانه هێزی فڕه‌نسی له ویلایه‌ته‌كانی بالتیك به‌تایبه‌تی له ئیستۆنیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناتۆدا ده‌بێت، “ئێمه ئاماده‌ین هه‌ركاتێك پێویست بێت سزا ئابوریه‌كان له‌سه‌ر روسیا زیاد بكه‌ین، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی گرژیه‌كانیش زیاتر نه‌بن پێویسته رێگاكانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ روسیا دانه‌خرێن”.
فشاره‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر ڕوسیا زیاتر ده‌بن
وتیشی، “فشاره‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر ڕوسیا زیاتر ده‌بن و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا به‌هۆی جه‌نگه‌وه جیهان له لێواری قه‌یرانێكی بێوێنه‌ی خۆراكیدایه كه له ماوه‌ی 12 بۆ 18 مانگی داهاتودا ئه‌و قه‌یرانه زیاتر چڕ ده‌بێته‌وه”.
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا ئیمانوێل ماكرۆن باسی له‌وه‌كرد، پاریس كۆمپانیا فڕه‌نسییه‌كان سه‌رپشك ده‌كات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر كاره‌كانیان له ڕوسیا كه بمێننه‌وه یاخود به‌جێی بهێڵن.