نێودەوڵەتی

دوای قه‌ده‌غه‌كردنی خوێندن، تاڵیبان بڕیارێكی دیكه‌ی له‌دژی ڕه‌گه‌زی مێ ده‌ركرد

شكۆی كوردستان-

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان فەرمانییان بە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد دەستبەجێ کارکردنی کارمەندانی ژن لە نێو ستافەکانیاندا قەدەغە بکەن.

وەزارەتی ئابووری تاڵیبان لە نامەیەکدا دەڵێت هەر ڕێکخراوێک نەتوانێت فەرمانەکە جێبەجێ بکات ئەوا مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەندرێتەوە. ئەمەش لە نوێترین هەوڵەکانی تاڵیباندا بۆ سەرکوتکردنی دەستڕاگەیشتنی ژنان بە ژیانی گشتی.

لە نامەکەدا هاتووە دەڵێت هەندێک لە ڕێکخراوەکان کارمەندە مێینەکانیان پابەندی سەرپۆشکردن نەبوون یاخود پابەندی پۆشینی ئەو پۆشاکە نەبوون کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی تاڵیبانەوە بۆیان دیاریکراوە.

ڕامیز ئالاکبارۆڤی هەماهەنگیکاری مرۆیی لە ئەفغانستان گوتی ” زۆر نیگەرانە ” سەبارەت بە قەدەغەکردنی کارمەندانی ژن لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا. وتیشی ” ئەوە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەما مرۆییەکانە.”

لەلایەکی دیکەوە نەرویج بە خێرایی سەرکۆنەی بڕیارەکەی تاڵیبانی کرد.

وەزیری دەرەوەی نەرویج ئانیکن هوفیلدت گوتی ” دەبێت دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە. نەرویج لەگەڵ هاوبەشەکانیدا پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا دەکات و وەڵامێکی گونجاو دەداتەوە. “

ڕێکخراوەکانی یارمەتییە مرۆییەکان دەڵێت کارمەندانی ژن گرنگن بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی ژنانی کۆمەڵگەی ئەفغانی دەستییان بگات بە یارمەتییە مرۆییەکان.

هاوکات لە شاری هیراتی ڕۆژئاوای ئەفغانستان بەرپرسانی تاڵیبان تۆپی ئاوییان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی دەیان خوێندکاری کچ و چالاکەوانانی مافی ژنان کە بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی ڕاگرتنی خوێندنی زانکۆیان و ئاستی خوێندنی کچان لە وڵاتەکەدا خۆپیشاندانێکییان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی شارەکەدا کۆبوونەوە کە سنووری بە ئێرانەوەیە، دروشمییان دەوتەوە و داوایان لە خەڵکەکە دەکرد بەشداربن لەگەڵیاندا تاوەکو فشار بخەنە سەر تاڵیبان قەدەغەکردنی خوێندنییان لە زانکۆکان هەڵبوەشێنێتەوە. دەیانووت ” بەپێی ئیسلام خوێندن مافی بنچینەییمانە. خوێندن بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەسێک.”

خۆپیشاندەران بەرەو ئۆفیسی فەرمانڕەوای شارەکە دەڕۆیشتن، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی تاڵیبان ئاوییان ڕژاند بەسەریاندا بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێبکەن.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە تاڵیبان قەدەغەکردنی خوێندنی ژنانی لە زانکۆ تایبەت و حکومییەکان ڕاگەیاند.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close