نێودەوڵەتیکوردستانی

ده‌نگی ئه‌مریكا: داعش ئه‌ماره‌تێك له‌ناو گرتوخانه‌ی ئاسایشی سلێمانی دروستده‌كات

شكۆی كوردستان-

ئاسایشی سلێمانی، دروستکردنی ئەمارەتێکی داعشی لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی لەلایەن چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعشەوە ئاشکراکرد، ئەمارەتەکە بە ڕێنمایی (ئەبو موسعەب) والی عێراقی داعش دروستکراوە، کە دەستگیرکراوەکان لە ڕێگەی ئامێری موبایلەوە، پەیوەندییان هەبووە لەگەڵی.

بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، (ئەبو موسعەب) والی عێراقی داعش، ناوی ( عەبدوڵا مەکی) یە و خەڵکی قەزای بەلەدە، جگە لە نازناوی ( ئەبوموسعەب) دوو نازناوی تری هەیە، ( ئەبو خەدیجە) و ( موهەنەد) و لە ساڵی 1991 لە دایکبووە، ئێستا لە ناوچەیەکی نزیک حەمرینە بەناوی وادی شای.

لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی سلێمانی دا، ناوی پێکهاتەی ئەمارەتەکەی داعش لە نێو گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی دا ئاشکرا کراوە، (محەمەد عەبدولعەزیز) ناسراو بە (ئەبو فاتیمە) ئەمیر و (وسام سوڵتان) ناسراو بە (دکتۆر هانی) جێگری ئەمیری ئەمارەتەکە بووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس، بە دەنگی ئەمەریکای وت”دکتۆر هانی کە جێگری ئەمارەتەکەی زیندانە، لە ساڵی 2018 لەگەڵ دوو چەکداری تری داعش دا، کە یەکێکیان ئەمیر بووە و ناوی ئەبو مەریەم بووە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابیان پێبووە، ویستوویانە لە نزیک گوندی گەڵاباتی سەر بە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە بەنزین بکەنە ماشێنەکەیانەوە، لەوکاتەدا ئاسایش گەمارۆی داون و دەستگیری کردوون.”

سەرچاوەکە وتیشی”لە کاتی دەستگیرکردنیان دا، ئەبو مەریم پشتوێنە بۆمب رێژکراوەکەی لە نێو پیکابەکەدا بووە، هەوڵی داوە بگاتە ئۆتۆمبێلەکەی و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام بواری پێ نەدراوە و گیراوە.”

ئاسایشی سلێمانی، ژمارەی داعشە دەستگیرکراوەکانی بە (54) دەستگیرکراو و سێ کوژراو ناوبردووە، کە دەستگیرکراوەکان تێکەڵەن لە کورد و عەرەب، بەشێکیان هەوڵی دروستکردنی حەشارگەیان لە شاخی( ئاژداغ) ی نزیک سلێمانی و ئەنجامدانی کاری “تیرۆریستی” لە سنوری سلێمانی داوە.

دەنگی ئەمەریکا، چەند جارێک پەیوەندی بە یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

لە کاتێکدا ئەمارەتەکەی نێو گرتووخانەی سلێمانی، ئامانجییان ناردنی گەنجان بووە لە ڕێگەی پەیوەندیگرتنەوە بۆ نێو داعش لە سنوری حەمرین، بەڵام لە کاتی ڕاییکردنی کاروبارەکانیان دا، خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و ئاشکراکراون.

ئاشکرا کردنی ئەمارەتەکەی داعش لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە لەکاتێکدایە، چەکدارانی سەر بەو ڕێکخراوە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جم و جۆڵەکانیان چڕکردووەتەوە، کەم شەو هەیە، پەلاماری هێزە عێراقییەکان نەدەن.

نازم کەهیە، ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکوڵێت، داعش هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت”گومان دەکرێت هەموو هێرشەکانی داعش، لەلایەن شانە نوستووەکانەوە ئەنجام بدرێن، چونکە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر شانەی نوستوویان لە ناو شار و شارۆچکەکان هەیە.”

شەوی ڕابردوو، لە نزیک جادەی حەولی کەرکوک، چەند چەکدارێک کە گومانی داعشیان لێدەکرێت، هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پۆلیسی شارەکە، بە پێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، ئەفسەرێک و کارمەندێکیان برینداربوون، بەڵام زانیارییەکان باس لە گیان لە دەستدانی ئەفسەرەکە دەکەن.

موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند”سەر قاڵی لێکۆڵینەوەین، هێشتا ڕوون نییە، هێرشەکە لەلایەن چی لایەنێکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام ناو سەنتەری شاری کەرکوک، هیچ مەترسییەکی داعشی لەسەر نییە، ئەوان لە ناوچەکانی دەوروبەر، کاری چەتەگەری دەکەن، دەست دەوەشێنن و هەڵدێن.”

جەختیشیکردەوە”مەفرەزەکانی داعش لە 3 بۆ 4 کەس زیاتر نیین، ناتوانن هیچ کارێکی تیرۆرستی گەورە ئەنجام بدەن، جگە لەوەی دەرفەت دەقۆزنەوە و ئیهمالی خاڵێکی سەربازی بەکار دەهێنن، ئەگینا ناتوانن هیچ جێگەیەک کۆنترۆڵ بکەن.”

ڕۆژی 18 ی ئەم مانگە، لە گوندی سەفرەی نزیک ناحیەی ریازی رۆژاوای کەرکوک، داعش گەورەترین هێرشی بۆ سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئەنجامدا، کە بەهۆی هێرشەکەوە، ئەفسەرێک و 9 پۆلیس گیانیان لە دەست دا.

لە هێرشێکی تری داعش دا لە ناوچەی خاڵس ی پارێزگای دیالە، لە ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە، 5 کەسی تر گیانیان لە دەستدا. هەروەها دوێنێ پێنجشەمە، بەهۆی دوو بۆمبی چێنراوی داعشەوە لە ناحیەی دوبزی رۆژاوای کەرکوک و ناوچەی مەخمور، ئەفسەرێک و 4 سەربازی تری عێراقی گیانیان لە دەستدا.

بەهۆی مەترسی دانانی بۆمبی چێنراویشەوە، دوێنێ پێنجشەمە، قوتابخانەی گوندی سنوری نزیک قەزای داقوق ی باشوری کەرکوک، کە دوو دەوامی تێدایە، لەلایەن خوێندکارەکانەوە چۆڵکرا و هێزە ئەمنییەکان دەستییان بە لێکۆڵینەوە کرد.

عەمید محەمەد عەلی، کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە، بە دەنگی ئەمەریکای وت”داعش تەواو خۆی ڕێکخستووەتەوە، ئەوان پلانی ئەنجامدانی هێرشی زیاتریان هەیە.”

مەترسی چڕبوونەوەی هێرشەکانی داعش لە مانگی ڕابردووەوە دەرکەوت، کاتێکدا لە شەوی 19/11 لە نێو سەنگەرێک دا لە تەنیشت جادەی سەرەکی سلێمانی_کەرکوک، 4 سەربازی عێراقییان سەربڕی، دواتر عەلی فرێجی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لە پۆستەکەی لابرا.

سەرچاوە ئەمنییە بەرپرسەکە کە زانیاری دایە دەنگی ئەمەریکا، جەختیکردەوە”داعش لە دەرەوەی وڵاتیشەوە چەکداریان بۆ دێت، پلانیان هەیە، هێرشەکانیان لە ( دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین) چڕ بکەنەوە.”

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، تەواوی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بە تایبەت لە شەوان دا، بەپێی وتەی فەرماندە سەربازییەکانیش، لە هەر ناوچەیەکەوە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، داعش پەلاماری سەنگەر و خاڵە سەربازییەکان دەدات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close