نێودەوڵەتی

ئه‌ردۆگان هه‌وڵه‌كانی به‌ئاراسته‌ی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا ده‌ستپێكرد

شكۆی كوردستان-

چوارچێوەی پڕۆسەی نوێی ئاشتیدا لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریادا کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وەزیرانی بەرگریی وڵاتەکانیان بۆ یەکەم جار لە پاش دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 وە لە ڕووسیا کۆبونەوە.

ئەردۆغان لەمیانەی وتارەکەیدا لە ئانکەرە گوتی ” ئێمە وەک ڕووسیا-تورکیا-سوریا پرۆسەیەکمان دەستپێکردووە. وەزیرانی دەرەوەمان کۆدەکەینەوە و دواتریش بە پێی پێشوەچوونەکان ئێمە وەک سەرکردەکان کۆدەبینەوە”.

ئەم هەوڵەی تورکیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریا بە ڕێگای ڕووسیا، لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا لە مانگی شەش ئەنجام بدرێت. هەندێک لە شیکەرەوان پێیان وایە ئەمە هەوڵێکی ئەردۆغانە تا بە دروشمی هەوڵی ئاشتی دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بانگەوازی ئەوەی کردبوو ئانکەرە هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دیمەشقدا بکات.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسەتی تورکیا دەڵێت ” بەشی سەرەکی ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکەدا بەکاریبهێنێت و ئەو کارتە لەدەست نەیارەکانی ئۆپزسیۆنی دەربهێنێت، چونکە ئەوان زۆر لەو بارەیەوە قسەدەکەن و ئەو (ئەردۆغان) بە بەرپرسیار دەزانن بۆ هێنانی ئاوارەکان لە سوریاوە و دەڵێن ئەگەر بەو شێوەیە پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەکردایە و دەرفەتێکی بهێشتایەتەوە ئەمە ڕووینەدەدا.”

بابەتی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا لەم دواییانە بووە بە بابەتێکی هەستیاری سیاسەتی ناوخۆیی لە کاتێکدا زیاتر لە 4 ملیۆن پەنابەری سوریایی لە تورکیا دەژین و حکومەتیش دەڵێت هەوڵ دەدات یەک ملیۆن پەنابەر بە خواستی خۆیان بنێرێتەوە بۆ سوریا.

ژنێکی پەناەری سوریایی لە کەمپێکی پەنابەرانی سوریا
ژنێکی پەناەری سوریایی لە کەمپێکی پەنابەرانی سوریا

بەڵام دکتۆر جەبار پێی وا نییە بابەتی پەنابەران تەنها هۆکاری تورکیا بێت بۆ رێککەوتن و دەڵێت سوریا ئەمڕۆ وەکو بازاڕێکی سیاسی لێهاتووە و هەموان هەوڵ دەدەن خۆیانی تێدا تاقیبکەنەوە ” بۆ تورکیا ئەو لایەنانەی لەوێ (سوریا) کاریگەرن، بۆ نمونە ڕووسیایە، ئێرانە، هەموو بەشێوەیەک لە شێوەکان لە یەک بەرەدان. تورکیا دەیەوێت ئەو کارتە بەهێزانەی کە هەیەتی لەبارەی سوریاوە بەکار بهێنێت و ئەویش ببێت بە خاوەن بڕیارێک لە سوریا بۆ ئەوەی سوریاش وەکو عێراقی لێنەیات و ئێران دەستیبەسەردا بگرێت. بۆیە دەیەوێت لە سوریا کارتە سەرەکییەکان بە دەست خۆیەوە بێت وەک لە عێراق بە دەست ئێرانەوەیە.”

جگە لە هێزەکانی تورکیا لە ئێستادا هێزی ئێرانی، ڕووسیایی و هێزەکانی هاوپەیمانانیش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە سوریادا بوونیان هەیە. بەشی هەرە زۆری نزیکەی ئەو 900 سەربازەی ئەمەریکا کە لەسوریادان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان و ئامانجیان شەڕی دژ بە چەکدارانی داعشە.

سەبارەت بەم هەوڵی ئاشتییەی نێوان تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ و ڕژێمی سوریا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی سێشەممە گوتی “ئێمە پشتگیری وڵاتان ناکەین کە پەیوەندییەکانیان نوێبکەنەوە یان پشتیوانی دەرببڕن بۆ هێنانەوەسەرخۆی دیکتاتۆری دڕندە بەشار ئەسەد. ئێمە داوا لە وڵاتەکان دەکەین کە بە وردی تۆماری دڕندەیی مافی مرۆڤی ڕژێمی ئەسەد لە 12 ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاو بگرن لە کاتێکدا بەردەوامە لە زیادکردنی دڕندایەتییەکانی دژ بە گەلی سوریا و ڕێگەگرتن لەدەستڕاگەیشتنیان بە یارمەتییە مرۆییەکانی کە ژیانیان ڕزگاردەکات.”

دکتۆر جەبار قادر لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتیشی لەو بڕوایەدا نییە لەم کاتی پێش هەڵبژاردنەدا تورکیا ” بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا ئاڵۆزبێت.” بەڵام دەشڵێت ئەمە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیاش هەیە ” ئەوەی کە شەڕ لە ئۆکرانیا چۆن بەڕێوەدەچێت، ئایا ڕووسیا شکشت دەهێنێت یان نا؟ ئەمە ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت.”

لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ناخۆی سوریا لە ساڵی 2011 وە، ڕووسیا و ئێران دوو وڵات بوون کە پشتیوانی ڕژێمەکەی ئەسەدیان کردووە و ڕووسیا هەمیشە ڕێگربوو لەبەردەم سزاکان دژ بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.

تورکیا پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە و سەرۆکی تورکیا کە ئێستا کراوەیە بۆ وتووێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد لە ساڵی 2017 سەرۆکی سوریای بە “تیرۆرست” ناودێرکرد.

سوریا هەتا ئێستا بەو گەرموگوڕییەی تورکیا پێشوازی لەم هەوڵەی تورکیا نەکردووە دکتۆر جەبار دەڵێت ” ئەسەد دەزانێت کە ئەردۆغان زۆر پێویستی پێیەتی بۆیە خۆی هەندێک گران دەفرۆشێت. نایەوێت وا زوو شتەکان ڕادەستی بکات، بەڵام ئەویش دەزانێت لە لایەکەوە لە بەرژەوەندیدایە چونکە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی لە دژی ئەو شەڕ دەکەن بەشێکی زۆریان بەدەستی ئەردۆغانەوەن و ئەو دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر دروستبکات.”

هەفتەی ڕابردوو پاش کۆبونەوەکەی وەزیرانی بەرگری ڕووسیا، سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ، تورکیا ڕایگەیاند لە کۆبونەوەکەدا باس لە قەیرانی سوریا، کێشەی پەنابەران و “هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەواوی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان لە سوریا ” کراوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close