شكۆی كوردستان-
وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك بڕیاری “بۆ كارئاسانی و به‌دیجیتاڵیكردنی دۆسیه و موچه‌ی خانه‌نشینان و كاراكردنی زیاتری دۆسییه‌ی شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجی سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره بانكیه‌كان” ده‌ركرد و به‌گوێره‌ی یه‌كێك لهبڕیارهكانیش، هه‌ردو بانكی باخان و كوردسات تێكه‌ڵده‌كرێن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، له درێژه‌ی سه‌ردانه دو ڕۆژییه‌كه‌ی بۆ سلێمانی، دوێنێ چوارشه‌ممه و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، “سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌كانی دو ڕۆژی رابردودیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه ده‌ستیانپێكردوه بۆ به‌جێگه‌یاندنی دۆسییه‌ی شه‌فافیه‌ت له داهات و خه‌رجی سنوره‌كه و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئیشوكاره بانكیه‌كانی سلێمانی و به‌ئه‌لیكترۆنی كردنی موچه‌ی خانه‌نشینان و دیجیتاڵكردنی دۆسییه‌كانیان”.
هاوكات به یاوه‌ری هه‌ریه‌ك له یاسین عه‌بدولواحید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌ت و دكتۆر ماكوان جه‌میل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكی ناوه‌ندی له سلێمانی، به‌سه‌ردانێكی مه‌یدانیش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه و و ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.
ده‌قی بڕیاره‌كانی وه‌زیری دارایی:
یه‌كه‌م: بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه به ته‌واوی ته‌رخانبكرێت بۆ خانه‌نشینی و كاربكرێت بۆ كارئاسانی مامه‌ڵه و سه‌ردانی خانه‌نشینان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه.
دوه‌م: هه‌ریه‌ك له بانكی باخان و بانكی كوردسات تێكه‌ڵ بكرێن و له چوارچێوه‌ی یه‌ك بانكدا ئیشوكاره‌كانیان ڕێكبخرێته‌وه.
سێیه‌م: سه‌رجه‌م دۆسییه‌ی خانه‌نشینان به‌دیجیتاڵی بكرێت و شێوازی نوێ له ئه‌رشیفكردنی دۆسیه و دیكۆمێنته‌كان كارا بكرێت.
چواره‌م: به ئه‌لیكترۆنیكردنی موچه‌ی خانه‌نشینان و دروستكردنی كارتی زیره‌كی موچه‌كانیان كه وه‌زاره‌تی دارایی له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیپێكردوه، قۆناغه‌كانی كاراتر و ته‌واو بكرێت.
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری بهڵێنیدا، “به‌پێی توانا و له چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كان هاوكاری و پێداوییستییهكانی دیكه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه فه‌راهه‌م بكرێت”.



