نێودەوڵەتی

كوژرانی شه‌ش سه‌ربازی توركیا راگه‌یه‌نرا

شكۆی كوردستان-

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە چالاکییەکانی گەریلاکانیاندا دژی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین شەش سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌ کوژراون و دو سه‌ربازیش برینداربون، به‌ڵام تا ئێستا توركیا به‌ فه‌رمی كوژرانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی رانه‌گه‌یاندوه‌.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لەدژی ئۆپەراسیۆنەكانی تورکیا بەردەوامە، هێزەکانمان بە تیمی گەڕۆک چالاکییان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا شەش سه‌رباز كوژراون و دو سه‌ربازیش برینداربون”.

ڕۆژی 26ی نیسان سه‌ربازانی روسیا هەوڵیانداوە دەوروبەری ناوچەی وەرخەلێ جێگیرببن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ڕۆژی 26ی نیسان سه‌ربازانی روسیا هەوڵیانداوە دەوروبەری ناوچەی وەرخەلێ جێگیرببن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە بە چەکی قەناس لە دو قۆڵەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە و سه‌ربازێك كوژراو و سه‌ربازێكی دیكه‌ش برینداربو، دواتر سوپای تورکیا لە تۆپخانەکانی سەرسنورەوە و بە فڕۆکەی جەنگیی سێ جار ناوچەکەی بۆردومان کرد”.

گەریلاکانمان هێزێکی سوپای توركیایان کردە ئامانج، کە دەیانویست لە گردی شەهید سورخوێنەوە بەرەو گردی شەهید کورتای بچن

هەپەگە ده‌ڵێت، “ڕۆژی 28ی نیسان گەریلاکانمان هێزێکی سوپای توركیایان کردە ئامانج، کە دەیانویست لە گردی شەهید سورخوێنەوە بەرەو گردی شەهید کورتای بچن، لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان دروستبو و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ سه‌ربازی توركیا كوژرا، دوای ئەوەی سوپای تورکیا ناوچەکەی تۆپباران کرد، کوژراو و بریندارەکانیشی لە ناوچەکە دورخستەوە”.

 لە کەڤرێکون-ی سەر بە کوڕەژارۆ و لەو چالاکییەدا سه‌ربازێك كوژرا

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ها 28ی نیسان هێزەکانیان بە چەکی نیشانشکێن چالاکییان دژی سوپای توركیا ئەنجامداوه‌ لە دەوروبەری سەنگەرەکانی شەڕ لە کەڤرێکون-ی سەر بە کوڕەژارۆ و لەو چالاکییەدا سه‌ربازێك كوژرا.

سوپای توركیا له‌ 28ی نیساندا پێنججار کوڕەژارۆی تۆپباران کردوە 

هەپەگە رونیكردوه‌ته‌وه‌، “سوپای توركیا له‌ 28ی نیساندا پێنججار کوڕەژارۆی تۆپباران کردوە و دو جاریش کیمیابارانی کردوە، هاوکات بە فڕۆکەی جەنگییش بۆردومانی کردوە، شەویش دوبارە ناوچەکە بە هێلیکۆپتەری جەنگیی بۆردومان کرا، هەمان ڕۆژ ناوچەکانی گردی جودی و گردی بەهار لە زاپ سێ جار بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردومان کران، رۆژی 29ی نیسانیش گردی جودی لە تۆپبخانەکانی سەر سنورەوە تۆپباران کراوە”.

17ی نیسانی ئه‌مساڵ سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی نوێی لەژێر ناوی چنگی-قفڵ لە ناوچەكانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دھۆك لە ھەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی راگرت.

27ی نیسان، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتییەکانی وڵاتەکەی دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوامی دەبێت، لەماوەی 10 رۆژی ئۆپراسیۆنی چنگی-قفڵیشدا پێنج سەربازییان کوژراون.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close