شكۆی كودرستان-
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وهڵامی راپۆرتهكهی ڕۆژنامەی “الصباح”ی عێراقی دهداتهوه و دهڵێت، ئهو راپرسیهی رۆژنامهكه پشتی پێبهستوه هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دورە لە ڕاستییەوە، دهشڵێت، “هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نوسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپوچ هەڵناوەشێتەوە”.
ئەمڕۆ شهممه رۆژنامەی “الصباح”ی عێراقی، نوسینکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژهی به ڕاپرسییەک كردوه و دهڵێت، “خەڵک بێهیوا بون لە دەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا”.
ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستوە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، “ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەکە پشتی پێ بەستوە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابونەوەدا، بەڵام دەسەڵاتتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لە دژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵکیان دایەوە”.
خەڵکی پارێزگهکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن کە هەرێم چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە
ئاماژهی بهوهشكردوه، خەڵکی پارێزگهکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن، کە هەرێمی کوردستان لە ڕوی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لە هەمو بوارەکاندا وێران و کاول بوە.
هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، “هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نوسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپوچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێخەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە”.
