شكۆی كوردستان-
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ قوباد قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبۆوە و رایگەیاند، “وەک هاوڕێیەکی دێرینی سەرۆک مام جەلال و دۆستی ئێوە، داوای وەلانانی کێشەکان و چارەسەر کردنی گرفتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەم لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان”
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کۆبۆوە و تاوتوێی دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانیان کرد، لەکۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لەهەولێر بەڕێوەچو، جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەی بون، تیشکخرایە سەر کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و عێراق و جەخت لە چارەسەرکردنییان لەڕێی دیالۆگەوە کرایەوە.
داوای وەلانانی کێشەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەم
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، گۆتێرێس باسی رۆڵ و گرنگی سەرۆک مامجەلالی کرد و وتی، “وەک هاوڕێیەکی دێرینی سەرۆک مامجەلال و دۆستی ئێوە، داوای وەلانانی کێشەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەم لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان”.
جەخت کرایەوە کە؛ پێویستە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراق
دواتر باسی رەوشی عێراق و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرا، جەخت کرایەوە کە؛ پێویستە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراق بەشێوەیەکی بنەڕەتی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
قوباد تاڵەبانی بەوردی گرفت و کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ رونکردەوە و دیدی خۆی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە خستەڕو، لەکۆتاییشدا، سوپاسی هاتنی گۆتێرێزی کرد و هەوڵ و پەرۆشی لەپێناو یەکڕیزی گەلی کورد و عێراق بەرز نرخاند.