شکۆی کوردستان-
چوار هاوسەرگیری و یەک تەڵاق
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئامارو داتای بۆساڵی پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوەو بەپێی ئاماری ئەنجومەنەکە لە بەرانبەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیریدا یەک تەڵاق تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارو زانیاری ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم و دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، لە ساڵی ڕابردوودا 55 هەزارو 896 پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمار کراوەو لە بەرانبەریشدا 13 هەزار و 967 جیابوونەوەی نێوان هاوسەران تۆمار کراوەو بەوەش لە بەرانبەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیریدا حاڵەتێکی تەڵاق تۆمار کراوە.
هەر بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، ئاماری تەڵاق لە ساڵی 2022 دا بە بەراوردی ساڵی 2021 زۆر هەڵکشاەوەو زیادی کردووە.
ئاماری ئەنجومەنەکە دەریدەخات کە لە ساڵی 2021 دا، لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا، 11 هەزارو 699 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی 2022 دا ڕێژەکە هەڵکشاوە بۆ 13 هەزارو 967 حاڵەتی جیابوونەوەو بەوەش لە ساڵی 2022 دا 2 هەزارو 268 حاڵەتی تەڵاق لە ساڵی 2021 زیاتر بووە.