وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پلەی 7455 ئەفسەر و پێشمەرگە بەرز کراوەتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، “لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پلە بەرز کردنەوەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا بەردەوامە.”
رۆژی پێنجشەممە 16-03-2023، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، “بە فەرمانی ژمارە (5830)ی وەزارەتی پێشمەرگە و پاڵپشت بە مادەی 14 لە سیستمی ژمارە (6)ی ساڵی 2011ی پەیڕەوی نیزامیی راژە و خانەنشینی پێشمەرگە تایبەت بە یاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007، ئاماژە بە فەرمانی وەزاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033) له 04-12-2011 تایبەت بە رێنوێنیی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی 7455 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوان و لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە خشتەی نەورۆزی 2023.”
عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “ئێمە دوو جۆر پلە بەرز کردنەوەمان هەیە، مانگەکانی ئادار و ئەیلوولی هەموو ساڵێکە، ئێستا بەپێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پلە بەرزکردنەوەی کارمەندان، پێشمەرگە و ئەفسەرانیش بەپێی خشتەی خۆی دەکرێت و هیچ گرفتێکی نییە، پێشمەرگە ساڵی پاریش پلە بەرز کردنەوەیان بۆ کراوە.”
بەرز کردنەوەی پلەی پێشمەرگە تاوەکو جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیر جێبەجێ دەکرێت، پلە بەرز کردنەوەی ئەفسەرانیش، پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، “دەسەڵات بە بریکاری وەزیریش دراوە بۆ پلە بەرز کردنەوە، ئەو خشتەی ئەمجارەش تایبەت بە مانگی ئاداری 2023یە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شایستەی پلە بەرز کردنەوە بوون.”