نێودەوڵەتیکوردستانی

ئاڵۆزییه‌كانی عێراق به‌هۆی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت به‌رده‌وامه‌

شكۆی كوردستان-

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نیە لە بەردەمیدا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و ناکۆکیەکانی ماڵی کوردیش سەرەڕای کۆبوونەوە فراوانەکان بە ئەنجامێکی ڕوون نەگەشتوون، مامۆستایانی زانکۆ دەڵێن ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە، کاریگەری لەسەر کۆی جومگەکانی ناوەند و هەرێمیش دروستکردووە، کورد گەر سازش لە نێوانی خۆیدا نەکات پێناچێت دۆخەکە وەها بمێنێتەوە، هەنگاوە خێراکەش لای کوردە بەو پێیەی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و تێپەربوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ کاردانەوەی جیاوازی لێدەکەوێتەوە و بە شێک لە مامۆستایانی زانکۆ پێیان وایە ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هاتووەتە ئاراوە، جیاوازترە لە کۆی ئەو ململانێیانەی کە لە ڕابردوو لەسەر لە پێکهێنانی کابینەی نوێ دەگوزەران و پێشیان وایە لەگەڵ کشانەوەی ڕەوتی سەدر و هەوڵەکانی لایەنە شیعیەکان، دەرفەتێکی کەم لەبەردەم کوردا ماوە بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆمار، ئەوە لە کاتێکدایە هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نێوان ڕێبەر ئەحمەد و دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح ڕێکنەکەوتوون و ئەوەش بە زیان بۆ ئایندەی کۆی پرسی کورد لە بەغدا دەبینن.

دکتۆر ئاریان عەلی مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” دوای هەڵبژاردن لە عێراق لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە کوتلەکان زۆرینە بوون نەیان توانی حکومەت پێکبهێنن، کە ئەوە نەگەڕانەوە بوو بۆ تەوافوق لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە پێویستی بە هەماهەنگیە دەنا کاریگەری خراپ لەسەر عێراق دروست دەکات، دابەش بوونی کورد لە بەغدا زیان لە ئایندەی پێگەی کورد دەدات و پێویستە سازش لە نێوان خۆیاندا بکەن”.

دکتۆر هێمن کەریم مامۆستایەکی دیکەی زانکۆ دەڵێت” ئێستا عیراق بە خراپترین دۆخدا تێپەڕ دەبێت و کاریگەری ئەو دۆخەش لەسەر هەرێم دەرکەوتووە، خەریکە خەڵکی عێراق ئاوات بە دیکتاتۆرێکی وەک سەدام دەخوازن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆی جومگەکان هەبووە”.

دکتۆر ڕەنجدەر شێرزاد مامۆستای زانکۆ دەڵێت ” لە دوای ساڵی 2003 وە ململانێی پێکهێنانی حکومەت هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا جیاوازترە لە هەموو ساڵەکانی دیکە، کورد لەم نێوەندەدا یەک پلات فۆڕمی نیە بۆ کارکردن، ئەو سێ ڕەوتەی کە هەیە کورد و سونە و شیعە، هۆکاری ئەو دۆخەن کە ئێستا درووست بوون، ئەگەر کورد نەگەڕێتەوە سەر یەک مێزی گفتووگۆ دەستپێشخەریش نەکات، ئەوا دۆخەکە هەر بەو جۆرە نامێنێتەوە”.

لە دوای کشانەوە ڕەوتی سەدر، ئێستا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ، بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان و لە دواین کۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردوە ئەرکی پێکهێنانی حکومەت لە ئەستۆی ئەواندایە و ئەوان دەیانەوێت هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەموو کوتلە سیاسیەکان گفتوگۆ دەکەن.

بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای جەژنی قوربان پەرلەمان کۆدەبێتەوە و سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە زانیاریەکان ئەوە دەخەنە ڕوو هێزە شیعەکان چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا ناکۆکیان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران هەیە و کوردیش هێشتا سورە لەسەر دوو کاندیدە و هیچ کامیان نەکشاونەتەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close