نێودەوڵەتیکوردستانی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پارتی و یەکێتی هێزی حزبییان هەیه و توندوتیژییان بەرامبەر خەڵک ئەنجامداوە

شکۆی کوردستان-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ڕەخنەی تووند لە پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم دەگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە و تیایدا ڕەخنەی تووند لە پێشێلکاری و گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکانی ڕەخنەگر لە حکومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی کەسوکاری دەستگیرکراوان، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەکەی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لەلایەن نەوەی نوێ ئەنجام درا.

لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن و پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو، هەروەها باسلەوە دەکات میدیاکانی سەربە پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە زۆنی حکومڕانیی خۆیان دەستیان بە زانیاریی دەگات و دەرگاکان کراوەن لە بەردەمیاندا، ئەوەش بە پێچەوانەی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی سەربە حیزبەکان نین کە دەستیان بە زانیارییەکان ناگات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدارو پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن و هەریەکەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆیی هەیە کە هەر بەناو سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن.

ڕاپۆرتەکە باسی خراپیی دۆخی زیندانەکان و لێدان و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان دەکات لەگەڵ سزا نەدانی ئەوانەی پێشێلکاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حکومەتەوە.

پرسی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا لە عێراق و کوردستان، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایەو ئەوە خراوەتەڕوو کە گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا بەربەستە لەبەردەم حکومڕانییەکی تەندروست، لەوانەش؛ بەرتیلدان، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتی و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە هەموو ئاستەکانداو ڕەچاوکردنی خێزان و خێڵ و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت، دەشڵێت “بەرپرسانی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم زۆرجارۆخەریکی کارە گەندەڵییەکان بوون بەبێ ئەوەی سزا بیانگرێتەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام دەوترێت سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەکان هەبووە. هەروەها دەوترێت پارتی و بەکێتی کاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەکانی دادگا هەبووە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close