نێودەوڵەتی

پادشای بەریتانیا بەهۆی نائارامییەکانی پاریسەوە سەردانەکەی دوادەخات

شکۆی کوردستان-

چارڵسی سێیەم، شای بەریتانیا بەهۆی نائارامییەکانی فەرەنسا کە لەبەر پلانەکانی چاکسازی لە یاسای خانەنشینی ئەو وڵاتەدا هاتونەتە ئاراوە، سەردانی خۆی بۆ فەرەنسا دواخست.

بڕیار بوو چارڵسی سێیەم بۆ سەردانێکی سێ ڕۆژە بەرەو فەرەنسا بەڕێبکەوێت کە ڕۆژی هەینی ڕاگەیەندرا کە گەشتەکەی هەڵوەشاندوەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز دواخستنی سەردانەکەی شای بەریتانیا بۆ ماکرۆن شەرمەزارییەکی گەورە دەبێت، چونکە سەرۆکی فەرەنسا هیوای خواستبوو سەردانەکەی چارڵسی سێیەم هەنگاوێکی ڕەمزی بێت لە هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ تێپەڕاندنی ساڵانێک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

بڕیاربوو چارڵز ڕۆژی یەکشەممە گەشت بۆ فەرەنسا بکات و دواتر بەرەو ئەڵمانیا بڕوات، ئەو گەشتە وەک سەرکەوتنێک بۆ سەرۆکی فەرەنسا سەیر دەکرا کە هەوڵدەدات خۆی وەک سەرکردەی ئەوروپا بناسێنێت.

گوتەبێژی کۆشکی باکینگهام گوتی “سەردانی فەرمی شا و شاژن بۆ فەرەنسا دواخراوە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە “شای بەریتانیا بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات کە بە زووترین کات سەردانی فەرەنسا بکات”.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە کە ماکرۆن داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی کردووە.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە سەردانەکە بە زووترین کات بەرنامەی بۆ دادنرێتەوە و لە دەرفەتێکی گونجاودا ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوەیەک لە کۆشکی باکینگهام کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیایە ڕایگەیاندووە گەشتەکەی چارڵس بۆ ئەڵمانیا بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو بەردەوام دەبێت.

پلانە نوێیەکەی ماکرۆن بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 64 ساڵ، خراپترین نائارامی لە فەرەنسا لە دوای ڕاپەڕینەکانی ساڵانی 2018 و 2019 ی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close