شکۆی کوردستان- ڕۆژئاوا
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دواین هێرشە درۆنییەکانی تورکیا لەو ناوچەیە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیای داگیرکەر لەسەرێکانێ و دەوروبەری چەندین پێگەی مەدەنی و خزمەتگوزاریی هاوڵاتیانی بۆردومان کردووە و کوژرا و برینداریشی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سوپای داگیرکەری تورکیا لەڕێگای 15 درۆنەوە بۆردومانی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای کردووە و چەندین وێستگەی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری مەدەنی کراونەتە ئامانج.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سوپای داگیرکەری تورکیا کامپی پەنابەرانی واشۆکانی لە سەرێکانی و حەسەکە کردۆتە ئامانج و لەگوندی موشەریفات- ئەلحەمەش کارگەیەک کراوەتە ئامانج و تائێستا سێ بریندار هەیە.
هاوکات، درۆنەکان بەنداوی جل ئاغا و گوندی خراب عیشقیان لەباشوری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ کردۆتە ئامانج.
لەهەمووشی مەترسیدارتر، سوپای داگیرکەری تورکیا غەزانێکی نەوتیان لە باشوری ڕۆژئاوای ناحیەی ترپە سپی کردۆتە ئامانج.